Skip to the content

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە فەرماندەی هێزی ئۆپەراسیۆنی تایبەتی هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا دەکات

• مەسرور بارزانی : نیگەرانین لە پەرەسەندنی چالاکی چەکدارانی داعش لە ناوچە کوردستانییەکانی درەوەی هەرێم بەتایبەتی هێرش کردنە سەر جووتیارانی کورد و ڕفاندنیان .

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) – رۆژی شەممە ٢٠٢٠/٥/٣٠ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە مێجەر جەنەڕاڵ ئیریک هیل فەرماندەی هێزی ئۆپەراسیۆنی تایبەتی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا کرد.

لە دیدارەکەدا گفتوگۆ دەربارەی دۆخی عێراق و ناوچەکە و پەرەپێدانی هەماهەنگی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەکانی هاوپەیمانان کرا. جەخت لە گرنگی بەردەوامبوونی هەماهەنگی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی تیرۆریستانی داعش کرا .
سەرۆکی حکومەت نیگەرانیی خۆی لە پەرەسەندنی چالاکی چەکدارانی داعش لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم دەربڕی بەتایبەتی هێرش کردنە سەر جووتیارانی کورد و ڕفاندنیان.

مێجەر جەنەڕاڵ هیل ئاماژەی بەوەدا کە هەرێمی کوردستان هاوبەشێکی گرنگی ئەمەریکا و هاوپەیمانانە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە ناوچەکەدا. گوتیشی شەڕی تیرۆر هێشتا کۆتایی نەهاتووە و پێویستە لە هەماهەنگیکردن لە گەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق بەردەوام بین و زیاتر پەرەی پێ بدەین.