Skip to the content

پەیامی سەرەخۆشی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کۆچی دوایی پارێزگاری هەولێر د. فرسەت سۆفی

• د. فرسەت کەسێکی نیششتمانپەروەر و دڵسۆز و لێهاتوو بوو. هەموو ژیان و تەمەنی خۆی لە خزمەتکردنی نیشتمان و خەڵکیدا بە سەربرد.

• لە نزیکەوە ئاگاداری دڵسۆزی و پەرۆشی و کارامەیی ئەو بووم لە خزمەتکردنی خەڵکی هەولێر و هەرێمی کوردستان بە گشتی . بۆیە کۆچکردنەکەی زۆر خەمگینی کردم و زیانێکی گەورەشە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان.

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV. KRD) - مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژی چوارشەممە 18 تشرینی دووەمی 2020 پەیامێکی سەرەخۆشی بەبۆنەی کۆچی دوایی د. فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر بڵاوکردەوە، ئەمەش دەقی پەیامەکەیەتی:

بەخەم و پەژارەیەکی قووڵەوە هەواڵی کۆچی دوایی پارێزگاری هەولێر (د. فرسەت سۆفی)مان پێگەیشت. کاک د.فرسەت کەسێکی نیششتمانپەروەر و دڵسۆز و لێهاتوو بوو. هەموو ژیان و تەمەنی خۆی لە خزمەتکردنی نیشتمان و خەڵکیدا بە سەربرد و لە هەموو پۆست و بەرپرسیارەتییەکانیدا، لە قۆناغی پەرلەمانتاریی و دواتریش، داکۆکیکارێکی دیاری پرۆسەی چاکسازیی بوو. بەتایبەتی وەک پارێزگاری هەولێر، ئەرکەکانی بە دڵسۆزی و لە خۆبوردوویی بەجێ دەگەیاند و خۆم لە نزیکەوە، ئاگاداری دڵسۆزی و پەرۆشی و کارامە ئەو بووم لە خزمەتکردنی خەڵکی هەولێر و هەرێمی کوردستان بە گشتی ، بۆیە کۆچکردنەکەی زۆر خەمگینی کردم و زیانێکی گەورەشە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان.

بەم بۆنە خەمناکەوە، ماتەمینی خۆمان ڕادەگەیەنین و پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە نیشتمانپەروەرەکەی و خەڵکی کوردستان و بەتایبەتی پارێزگای هەولێر دەکەم. خوای مەزن گیانی بە بەهەشت شاد بکات و سەبووری و ئارامیش بە هەموولایەکمان ببەخشێت.

یاد و هەڵوێستەکانی کاک د.فرسەت سۆفی هەمیشە بە زیندوویی دەمێننەوە.

مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2020/11/18