Skip to the content

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیری وزەی ئەمەریکا پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان ئەنجامدا

• هەرێمی کوردستان پێشوازی لە پەڕەپێدانی زیاتری وەبەرهێنانی ئەمەریکی لە هەرێمی کوردستان دەکات بە تایبەتی لە بواری وزە و گازی سروشتيدا.

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV. KRD) - ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 2020/10/9 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دان برولیێت وەزیری وزەی ئەمەریکا، پەيوەندییەکی تەلەفۆنیان ئەنجامدا.

لە پەیوەندییەکەدا، گفتوگۆ دەربارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کرا ، بەتایبەتی دەرفەتەکانی وەبەرهێنانی کۆمپانیا ئەمەریکییەکان لە بواری وزەی هەرێمی کوردستان بە جۆرێک کە لە بەررژەوەندی هەردوولادا بێت.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سوپاسی پشتگیریی و هاوکاریی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکای کرد بۆ هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لە هەموو ڕوویەکەوە.

سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەدا، کە هەرێمی کوردستان پێشوازی لە پەڕەپێدانی زیاتری وەبەرهێنانی ئەمەریکی لە هەرێمی کوردستان دەکات، بە تایبەتی لە بواری وزە و گازی سروشتیدا. هەروەها جەختی لەوە کردەوە، کە دەکرێ هەرێمی کوردستان، ببێتە سەنتەرێکی گرنگ بۆ وەبەرهێنان لە هەموو ناوچەکانی عێراقدا.