Skip to the content

پەیامی پیرۆزبایی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی ڕۆژی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام

هەولێر، هەرێمی كوردستان، عێراق (GOV.KRD) مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، رۆژی چوارشەممە 28 تشرینی یەكەمی 2020 لە پەیامێكدا، رۆژی لە دایکبوونی پێغەمبەری ئیسلامی لە موسڵمانانی كوردستان و جیهان پیرۆز كرد، ئەمەش دەقی پەیامەكەیەتی:

بە بۆنەی ڕۆژی لە دایكبوونی پێغەمبەری ئیسلام حەزرەتی محەمەد (د.خ)، گەرمترین پیرۆزبایی لە موسڵمانانی كوردستان و جیهان دەكەم. هیوادارم یادی لە دایکبوونی پێغەمبەری خوشەویستمان ببێتە مایەی خێر و خۆشی و ئارامیی و قوڵبوونەوەی گیانی خۆشەویستی لە نێوان تەواوی گەلان و پەیڕەوانی ئایین و ئایینزا جیاوازەكان.

ئەمڕۆ لە هەموو كاتێك زیاتر، پێویستیمان بە ئاشتەوایی و لێبووردەیی و پاراستنی بەها بەرزەكانی مرۆڤایەتیی هەیە، كە هەڵقوڵاوی پەیامی پیرۆزی خوای میهرەبانە. ئومێدەوارم ئەم بۆنە پیرۆزە، زیاتر هاندەرمان بێت بۆ قووڵکردنەوەی کولتووری بەیەکەوەژیان و تەبایی لە هەرێمی کوردستان و جیهاندا.

مەسرور بارزانی
سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان