Skip to the content

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی ڤاتیکان لە عێراق دەکات

هەولێر ، هەرێمی كوردستان ، عیراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ چوارشەممە 2021/4/28 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، پێشوازی لە میتیا لێسکۆڤار باڵیۆزی ڤاتیکان لە عێراق کرد .


باڵیۆزی ڤاتیکان سوپاس و پێزانینی پاپای ڤاتیکانی بە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیاند بۆ سەرخستنی سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان و پاراستن و میوانداریکردنی کریستیانەکان و ئاوارە و پەنابەران و هەموو ئەوانەی لە ترسی ستەم و چەوساندنەوە، ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکەن.


سەرۆکی حکومەت، پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بە پەرەپێدان و بەهێزکردنی کولتووری بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی ئایینی و نەتەوەیی لە هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە و سەردانی قەداسەتی پاپای بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، بە مێژوویی ناوبرد و خوازیاربوو ، کە ببێتە هۆی برەودانی زیاتر بە کولتووری لێبوردەیی و بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە لە نێوان پێکهاتە جیاوازەکانی عێراقدا.


لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ دەربارەی پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی و گرنگیی جێبەجێکردنی یاسای بودجە و ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە نزیکترین کاتدا کرا .


هەروەها باردودۆخی دەشتی نەینەوا و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، تاووتوێ کرا و جەخت لە ئاساییکردنەوەی دۆخی ئەو ناوچانە و جێبەجێکردنی ماددەی 140 ی دەستوور کرایەوە.