Skip to the content

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی کۆریای باشوور دەکات

هەولێر ، هەرێمی كوردستان ، عیراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ پێنجشەممە 2021/4/8 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، پێشوازی لە جانگ کیۆنگووک باڵیۆزی كۆماری کۆریا لە عێراق کرد.

لە دیدارەکەدا کە کۆی چوانژین کونسوڵی گشتی کۆریا لە هەولێر ئامادەی بوو، پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری کۆریا تاووتوێ کرا.

باڵیۆزی کۆریا، ئامادەیی وڵاتەکەی نیشاندا بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لە گەڵ هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە بوارەکانی ئابووری و بازرگانی و کولتووری و پێشکەشکردنی هاوکاری بۆ ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی کوردستان.

سەرۆکی حکومەت سوپاسی هاوکارییەکانی کۆماری کۆریای کرد و ئاماژەی بە دۆستایەتی بەهێزی نێوان کۆریا و هەرێمی کوردستان دا ، کە لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین پڕۆژەی پەرەپێدانی ئابوورییان لە هەرێمی کوردستان ئەنجام داوە و پشتگیریی خۆشی بۆ پتەوکردنی پەیوەندیی هەمەلایەنە لە گەڵ کۆماری کۆریا دەربڕی .