Skip to the content

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتی کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی دەکات

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV. KRD) - ئەمڕۆ دووشەممە 2021/2/8 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتی کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی (یاسای چاکسازی لە مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەکان و خانەنشینی)، لە وەزارەت و دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرا.

سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەدا کە ئامانج لە چاکسازی هێنانەدی دادپەروەری و پاراستنی مافی خەڵکی شایستەیە. دووپاتیشی کردەوە کە چاکسازی پرۆسەیەکی بەردەوامە و سەرجەم کەرتەکان دەگرێتەوە و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش سوورە لە سەر درێژەدان بە چاکسازیی کارگێڕیی و دارایی و نەهێشتنی گەندەڵی و بەفیڕۆدانی سامانی گشتی.

لە کۆبووەنەوەکەدا عەبدولحەکیم خسرەو سکرتێری لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی، هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی خستەڕوو . پاشان وەزیرە پەیوەندیدارەکان بە پێی تایبەتمەندی، ڕاپۆرتی خۆیان سەبارەت بە بەرەوپێشچوونەکانی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی، بە ژمارە و زانیاری پێویست پێشکەش کرد، کە تایبەت بوو بە بابەتەکانی پەیوەندیدار بە مووچە و ئیمتیازات و خانەنشینی و ڕێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و نەهێشتنی ڕووتین لە فەرمانگە و دامودەزگاکانی حکومەتدا.

دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، بڕیاردرا ژمارەیەک ڕاسپاردە بخڕێنە بەردەم کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بەمەبەستی تەواوکردنی هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی.