Skip to the content

پەیامی هاوخەمیی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کۆچی دوایی تێکۆشەری ناسراوی کوردستان د.ڕۆژ نووری شاوەیس

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV. KRD) - بە خەمگینی و ماتەمینیەکی قووڵەوە، هەواڵی کۆچی دوایی سیاسەتکار و پێشمەرگەی ئازا و فەرماندەی بە توانا و تێکۆشەری ناسراوی کوردستان و ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی، (د. ڕۆژ نووری شاوەیس) لە ناخەوە زۆر خەمباری کردم.

د.ڕۆژ و بنەماڵە نیشتمانپەروەرەکەی، ڕۆڵێکی دیار و گرنگییان لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستاندا هەیە و بە کۆچی دوایی د.ڕۆژیش، گەلی کوردستان تێکۆشەرێکی گەورە و سیاسەتکارێکی بە ئەزموونی لە دەستدا کە لە هەموو ئەو ئەرک و بەرپرسیاریەتییە گرنگانەی لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا هەیبووە، هەمیشە داکۆکیکارێکی بەهێزی مافەکانی خەڵکی کوردستان بوو و نموونەی وەفاداری بوو.

بەم بۆنە خەمناکەوە، پرسە و سەرەخۆشی لە جەنابی سەرۆک بارزانی و سەرکردایەتی و ئەندامانی پارتی دیموکراتی کوردستان و لە خۆمان و بنەماڵەی بەڕێز و تێکۆشەری خوالێخۆشبوو د. ڕۆژ دەکەم. خوای مەزن گیانی بە بەهەشت شاد بکات و ئارامیی و دڵنەواییش بە هەموومان ببەخشێت.

خەبات و تێکۆشانی د.ڕۆژ، هەمیشە لە یادماندا بە زیندوویی دەمێنێتەوە.

مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2021/2/15