Skip to the content

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە سەرۆکی ئیئتیلافی نیشتمانیی سوریا دەکات

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV. KRD) - ئەمڕۆ پێنجشەممە 2021/3/4 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە نەسر حەریری سەرۆکی ئیئتیلافی نیشتمانیی سوریا و شاندێکی یاوەری کرد.

لە دیدارەکەدا، دوا پەرەسەندنەکانی بارودۆخی سیاسی سوریا و ناوچەکە و هەوڵەکانی چارەسەرکردنی کێشەکانی سوریا تاووتوێ کرا.

سەرۆکی ئیئتیلافی نیشتمانیی سوریا، سوپاسی هەڵوێستی دۆستانەی هەرێمی کوردستانی کرد بەرامبەر گەلی سوریا و داخوازییە ڕەواکانی، بە تایبەتی میوانداریکردنی سەدان هەزار پەنابەری سوری لە هەرێمی کوردستان، کە سەرەڕای دۆخی سەختی ئابووری، پێشوازی لە پەنابەران کردووە و هاوکاری کردوون.

سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەدا کە هەرێمی کوردستان، پشتیوانیی لە هەموو هەوڵێک دەکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی سوریا بە شێوەیەکی ئاشتیانە و بە ئاراستەی سەقامگیربوونی ئاشتی و ئارامیی لە ناوچەکە و دابینکردنی مافی گشت پێکهاتە و گەلانی سوریا لە نێوێشیاندا مسۆگەرکردنی داخوازییە ڕەواکانی گەلی کورد لەو وڵاتەدا.

سەرۆکی حکومەت، نیگەرانیی خۆشی بەرامبەر ئەو پێشێلکارییانە دەربڕی کە لە عەفرین ڕوویانداوە و هیوای خواست کە ڕێگریان لێ بکرێت.