Skip to the content

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی پاکستان لە عێراق دەکات

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ چوارشەممە ١٠ى نۆڤێمبەری ٢٠٢١ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ئەحمەد ئەمجەد عەلی باڵیۆزی پاکستان لە عێراق کرد .
لە دیدارەکەدا، باڵیۆزی پاکستان ، سڵاو و ڕێزی سەرکردایەتی پاکستانی بە سەرۆکی حکومەت گەیاند و خواستی وڵاتەکەی، بۆ پەرەپێدانی پەیوەندی هەمەلایەنە لە گەڵ هەرێمی کوردستان دەربڕی، بە تایبەتی لە بواری وەبەرهێنان و ئاڵوگۆڕی بازرگانی و بەخشینی سکۆڵەرشیپ ( زەمالەی خوێندن) بۆ قوتابییانی هەرێمی کوردستان لە زانکۆکانی پاکستاندا.
باڵیۆزی پاکستان، هەروەها بە پێزانینەوە، ئاماژەی بە پێشکەوتن و ئاوەدانیی و پێگەی گرنگیی هەرێمی کوردستان کرد، وەک فاکتەرێکی ئارامیی و سەقامگیریی لە ناوچەکەدا .
سەرۆکی حکومەت، وێڕای جەختکردنەوە لە ئامادەیی هەرێمی کوردستان، بۆ برەودان بە پەیوەندییەکان لە گەڵ پاکستان، باسی لە کارنامەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد لە بواری هەمەجۆرکردنی ئابووری و سەرچاوەکانی داهات و پێشکەشکردنی کارئاسانیی پێویست بۆ وەبەرهێنەران.
لە کۆبوونەوەکەدا هەروەها، دەرفەتەکانی کار و هەماهەنگیی هاوبەش، بۆ ئەو بابەتانەی جێی بایەخی هەردوولادان، تاووتوێ کرا.