Skip to the content

ئەنجومەنی وەزیران (ستراتیجی نیشتمانیی دەستەی دەستپاکی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان) پەسەند دەکات

• پڕۆژە یاسای چەک و پەیڕەوی ئەنجومەنی باڵای ئەوقاف و کاروباری ئایینی لە هەرێمی کوردستان پەسەند کرد.


هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ چوارشەممە 29ی ئەیلوولی 2021 بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران ، ئەنجومەنی وەزیران کۆبووەوە.

لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا ، پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی، ڕەشنووسی ( پەیڕەوی ئەنجومەنی باڵای ئەوقاف و کاروباری ئایینی لە هەرێمی کوردستان) خستەڕوو. ئەنجومەنی وەزیران بە کۆی دەنگی ئامادەبووان، پەیڕەوەکەی پەسەند کرد. ئامانج لەم پەیڕەوە، دەستنیشانکردنی پێکهاتە وئەرک و دەسەڵاتەکانی ئەنجومەنی وەزارەتە لە ناویشیاندا باشتر بەڕێوەبردنی موڵکە وەقفییەکان و وەبەرهێنانیان و بەرەپێشبردنیانە، بە ئاراستەی ڕێکخستنەوەی داهاتی موڵکە وەقفییەکان، لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکان و پاراستنی بەرژەوەندی گشتی و بەکارهێنانەوەی داهاتیان، بۆ ئەو مەبەستە خێرخوازییانەی کە موڵکەکانیان، لە پێناودا وەقف کراوە.

لە بڕگەی دووەمدا، ڕەشنووسی (پڕۆژە یاسای چەک لە هەرێمی کوردستان ) لە لایەن وەزیری ناوخۆ ڕێبەر ئەحمەد خرایەڕوو، کە ئامانج لێی، ڕێکخستنەوەی کڕین و فرۆشتن و هەڵگرتن ومامەڵەکردنە بە چەک. دوای کفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە و خستنەڕووی چەندین تێبینی، پڕۆژە یاساکە، بە لەبەرچاوگرتنی سەرنج و تێبنییەکان، لە لایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە، بە کۆی دەنگی ئامادەبووان، پەسەند کرا ، کە بایەخی زۆری دەبێت لە ڕووی ڕێکخستنەوەی هەڵگرتن و مامەڵەکردن بەچەک ونوێکردنەوە و توندکردنی مەرجەکانی پێدانی مۆڵەتی هەڵگرتنی چەک، بە تایبەتیش کە یاسای ئێستای چەک، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1993 و ناگونجێت لەگەڵ پەرەسەندنەکانی ئێستا و سنووردارکردنی زیادبوونی دیاردەی چەکداریی و حاڵەتەکانی تاوان.

بڕگەی سێیەمی کۆبوونەوەکە، بریتی بوو لە خستنەڕووی ( پڕۆژەی ستراتیجی نیشتمانی دەستەی دەستپاکی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان 2021-2025 ) کە لە لایەن ئەحمەد ئەنوەر سەرۆکی دەستەی دەستپاکی لە هەرێمی کوردستان خرایەڕوو، کە پلانێکی گشتگیری دەسەڵات و دامەزراوە تایبەتمەندەکانی هەرێمی کوردستانە، لە پێناو حکومڕانییەکی باشتر و شەفافتر، بە ئاراستەی ڕێگەگرتن لە بەهەدەردانی سامانی گشتیی و ڕێگەگرتن لە گەندەڵی، کە یەکێکە لە بڕگە سەرەکییەکانی هێڵە گشتییەکانی، کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
ئەنجومەنی وەزیران، لەسەر پێشنیاری دەستەی دەستپاکی، ستراتیجییەکەی پەسەند کرد، دواتر دەستەی دەستپاکیی لە هەرێمی کوردستان، میکانیزم و شێوازی جێبەجێکردنی، بە هەماهەنگیی لە گەڵ دەسەڵات و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان، دیاری دەکات بە ڕەچاوکردنی تایبەتمەندیی.

بڕگەی کۆتایی کۆبوونەوەکە، خستنەڕووی ڕاسپاردەی دامەزراندنی ئەنجومەنێک بوو بە ناوی ( ئەنجومەنی متمانەبەخشین بە ناوەندەکان و پرۆگرامەکانی خوێندن لە دامەزراوەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان ) کە لە لایەن سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانەوە خرابەڕوو. ئامانج لە دامەزراندنی ئەنجومەنەکە، دانانی ستانداردی گونجاوە بۆ چەسپاندنی متمانەبەخشین، بە جۆرێک کە هاوتەریب بێت لە گەڵ ستانداردی نێودەوڵەتیی و دەستەبەری نایابی ئەکادیمی و ئاکامەکانی پڕۆسەی خوێندن و فێرکردن.
ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد، هێڵە گشتیەکانی دامەزراندنی ئەنجومەنەکە ئامادەبکەن، تا لە کۆبوونەوەکانی داهاتووی ئەنجومەنی وەزیران، گفتوگۆی لە بارەوە بکرێت و دواتر پەسەند بکرێت.