Skip to the content

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق دەکات

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ئەمڕۆ دووشەممە 22 ی ئاب ، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە سوزوکی کۆتارۆ باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق کرد.
لە دیدارەکەدا گفتوگۆ دەربارەی پەرەپێدانی پەیوەندی دوولایەنە و بارودۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە کرا.
باڵیۆزی ژاپۆن، ستایشی چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد لە بواری هەمەجۆرکردنی ئابووری و ئاسانکاریکردن بۆ وەبەرهێنەران و پشتگیریکردنی کەرتی تایبەت. ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ برەودان بە پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەربڕی.
سەرۆکی حکومەت، سوپاسی پشتیوانیی ژاپۆنی کرد بەتایبەتی کە لە ڕێگەی ئاژانسی جایکا و بە هاوکاری و هەماهەنگیی حکومەتی هەرێم ، چەند پڕۆژەیەک لە هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدەن. خواستی پێشخستنی زیاتری پەیوەندییەکانیشی لە گەڵ ژاپۆن لە هەموو بوارەکاندا دووپات کردەوە.