Skip to the content

پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی ئەنفالی بادینان

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی ، پەیامێکی لە ساڵیادی ئەنفالی بادیناندا بڵاوکردەوە کە ئەمە دەقەکەیەتی ؛

لە شاڵاوی ئەنفالی بادینان، کە دوا قۆناخی شاڵاوە بەدناوەکانی ئەنفال بوو ، ڕژێمی عێراق، وەک هەموو ناوچەکانی دیکەی کوردستان ، تاوانێکی هۆڤانەی دیکەی بەرامبەر خەڵکی دەڤەری بادینان ئەنجامدا و لە ئەنجامی ئەو شاڵاوەدا کە چەکی قەدەخەکراوی تێدا بەکارهێنرا، هەزاران کەس شەهید و بێسەروشوێن کران و دەیان هەزار کەسیش ئاوارە و دەربەدەر و، سەدان گوندیش وێران کران.
لە سی وچوارمین ساڵڤەگەڕی ئەم تاوانە دڕندانەیەدا، بە ڕێز و شکۆوە یادی قوربانیانی ئەنفالی بادینان دەکەینەوە و جارێکی دیکەش دووپاتی دەکەینەوە ، کە پێویستە حکومەتی عێراق بە پێی دەستوور، زیانلێکەوتووان و کەسوکاری قوربانییانی شاڵاوەکانی ئەنفال و تاوانەکانی ڕژێمی پێشووی عێراق، بە شێوەیەکی شایستە، قەرەبوو بکاتەوە کە مافێکی ڕەوای خەڵکی ستەملێکراوی کوردستانە. هەروەها پێویستە ئەو عەقلییەتەی کە لە پشت ئەنجامدانی ئەم کارەسات و تاوانانەدا بوو، نەمێنێت و ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەو کۆمەڵکوژیانە بکرێت.
لە ساڵڤەگەڕی ئەنفالی بادیناندا، سڵاو و دروود بۆ گیانی پاکی ئەنفالکراوانی بادینان و سەرجەم شەهیدانی کوردستان .

مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
25ی ئابی 2022