Skip to the content

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان: داوا لە جووتیارەکان دەکەم وەبەرهێنان لە کەرتی کشتوکاڵ بکەن چونکە حکومەت پاڵپشتیانە

"سیاسەتی ئێمە هەمەجۆرکردنی داهاتە، یەکێک لەوانە کشتوکاڵە"، ئەمە جەوهەرى گفتوگۆیەکى مەسرور بارزانى، سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستانە کە بە تەماشاکردنى ڤیدیۆی جووتیارێک دەست پێ دەکات کە لەبەر ساغنەبوونەوەى لە بازاڕ، بەرهەمەکەى لەنێو دەبات. سەرۆکوەزیران لەم گفتوگۆیەدا بە وردى قسە لە بەرنامە و پلان و هەنگاوە کردەییەکانى کابینەى نۆیەم دەکات بەرامبەر بە زیادکردن و ساغکردنەوەى بەرهەمى ناوخۆیی و هەناردەکردنیشى بۆ دەرەوەى وڵات.
لێرەدا سەرنجتان بۆ کۆى قسەکانى بەڕێزیان ڕادەکێشین:

زۆر دڵگرانبووم بەوەی کە بینیم جووتیارەکان لەکاتێکدا کە ناتوانن بەرهەمەکانی خۆیان بفرۆشن، دێن ئاوا تەلەفی دەکەن، ئێمە هەر زوو هەستمان بەوە کرد کە خوا سەروەتێکی زۆری بە ئێمە داوە کە بەداخەوە وەکو پێویست سوودی لێ وەرنەگیراوە، ئەویش بابەتی کشتوکاڵە. بۆیە لە سەرەتاوە من زۆر جەختم لەوە کردەوە کە دەبێ ئێمە وەبەرهێنان لە کەرتی کشتوکاڵدا بکەین، یارمەتیی جووتیارەکانمان بدەین بۆ ئەوەی بتوانن ئەم سامانە نیشتمانییە بە ئاستێک بگەیێنن کە ببێت بە خێر و بەرەکەت بۆ ئاوەدانکردنەوەی وڵات و بۆ زیادکردنی داهاتی هەرێمی کوردستانیش. بۆیە هەوڵماندا بۆ ئەوەی جووتیارەکان رازیبن، حکومەتی هەرێم سیاسەتێکی وا بگرێتەبەر کە بەرهەمی جووتیارەکان وەربگرێتەوە، نەک تەنیا لە ئاستی نێوخۆ، بەڵکو شتێکی وا بکەین هەناردەی دەرەوەش بکەین بۆ ئەوەی زیادکردنی بەرهەمی کشتوکاڵی لە هەرێمی کوردستاندا، وابکات کە ژێرخانێکی پتەوتری ئابووری بەتایبەتی لە رووی کشتوکاڵییەوە بۆ هەرێمی کوردستان دروست بکەین.

گەر سەیری مێژوو بکەن، کشتوکاڵ لەم ناوچەیەوە سەریهەڵداوە، بەڵام لە مێژووی نزیکی هەرێمی کوردستاندا، ئەگەر سەیری بکەین، چەندین هۆکار هەبوون کە نەیهێشتووە بابەتی کشتوکاڵی لێرە پەرەبسێنێت، پێشتر بابەتی وێرانکردنی گوندەکان و دروستکردنی کامپەکان، سیاسەتێکی مەرکەزی هەبووە بۆ ئەوەی خەڵکی کوردستان لە زەوییەکانیان دووربخرێنەوە، نەبن بە خاوەنی بڕیاری خۆیان، بەڵکو هەمیشە چاویان لە دەستی حکومەتێکی داگیرکەر بێت. ئەمە هۆکارێکی سەرەکیی بووە کە زیانێکی گەورەی لە کەرتی کشتوکاڵ داوە.

دوای ئەوەش، سیاسەتێکی دیکەی بەرامبەر پەیڕەو نەکراوە تاوەکو بووژانەوەی ئابووری لەسەر بنەمای کشتوکاڵی لە کوردستان بە خێرایی پەرەبسێنێت، ئێمە لەم کابینەیە هەستمان بەوە کرد کە خوای گەورە سامانێکی لەبن نەهاتووی بە ئێمە داوە، پێویستە ئێمە لە سەرەتاوە یارمەتی جووتیارانی خۆمان بدەین و پاڵپشتیان بین بۆ ئەوەی بتوانن زیاتر پەرە بە کشتوکاڵ بدەن، بەرهەمە کشتوکاڵییەکانیان نەک ببێتە داهاتێک بۆ خۆیان بەڵکو ببێتە داهاتێک بۆ حکومەت و بۆ زیادکردنی داهات لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان.

سیاسەتی ئێمە هەمەجۆرکردنی داهاتە، یەکێک لەوانە کشتوکاڵە. کەرتەکانی دیکەش هەن، وەکو گەشتوگوزار و پیشەسازی، گرنگیمان بەمانەش داوە، بەڵام کشتوکاڵ بنەمای دروستکردنی ئابوورییەکی بەهێزە بۆ هەر وڵاتێک، ئێمە خاکێکی بەخێر و بەپیتمان هەیە، وەکو پێویست سوودی لێوەرنەگیراوە، ئەگەر کەرتی کشتوکاڵی پەرەی پێبدرێت بێگومان یارمەتیدەر دەبێت بۆ پێشخستنی کەرتەکانی دیکەش. کەرتی پیشەسازی بۆ نموونە؛ ئەو کاتە دەتوانێت پێشبکەوێت کە کەرتی کشتوکاڵی پێشبکەوێت.
کشتوکاڵ خۆی دەبێتە هۆکار بۆ دروستکردنی چەندین جۆر کاری تر. نموونەیەکی بەرچاو ئەمەیە کە هەر جووتیارێک تاوەکو بەرهەمی خۆی دەچنێتەوە و دەیگەیێنێتە بازاڕ، دەبێ بە چەند قۆناخێکدا تێپەڕێت، لەمە پێویستی بە چەند ئامرازێکە، پێویستی بە ئامێرێکە بۆ یارمەتیدانی ئەم جووتیارە تاوەکو بەرهەمەکەی خۆی پێبگەیێنێت. ئەمە وا دەکات کە کەرتی پیشەسازی (بە نموونە) بێتە ناو بابەتەکەوە و دابینکردنی ئەو ئامێرانە فەراهەم بکات.

لەلایەکی دیکەوە مەسەلەی گواستنەوەیە، ئەمە هەمووی دروستکردنی هەلی کارە، زیادکردنی جۆرەکانی ئابوورییە لە هەرێمی کوردستان، بەڵام بۆ کشتوکاڵ، من بە دڵنیاییەوە دەتوانم بڵێم کە بنەمای سەرەکیی ئابوورییەکی بەهێزە لە هەموو وڵاتێکدا، بۆیە جەختێکی زۆرمان لەسەر ئەوە کردووەتەوە، لەلایەکی دیکەوە دەتوانم ئەوە بڵێم کە سەرمایەیەکی لەبن نەهاتووە، هەموو ساڵێک دەتوانیت نوێی بکەیتەوە و پەرەیەکی زیاتری پێبدەیت، بەتایبەتی ئەگەر بتوانی بیگەیێنیتە ئاستێک کە پێداویستییە نێوخۆییەکان دابین بکات و لەمەش زیاتر هەناردەی دەرەوەی بکەیت ئەمە دەبێتە داهاتێکی زیاتر کە دەتوانیت لە شوێنەکانی تر وەبەرهێنانی بۆ بکەیت و ئەمە ئابووری هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی باشتر و خێراتر بەرەوپێشەوە ببات. من دەتوانم بە دڵنیاییەوە بڵێم کە ئێمە دەتوانین بابەتی ئاسایشی خۆراک بە تەواوی لە کوردستان دابین بکەین، ئەگەر پەرە بەو کەرتە بدەین ئێمە هیچ مەترسییەک لەسەر ئاسایشی خۆراکمان نابێت کە بابەتێکی زۆر گرنگە بۆ مانەوەی هەر نەتەوە، نیشتمان و کیانێک.

لەلایەکی دیکەوە پەرەپێدانی ئەم کەرتە، وا دەکات کە بتوانیت کاریگەریی هەبێت لەسەر ناوچەکانی دیکە، بۆ نموونە؛ ئێمە لە عێراقدا دەتوانین کوردستان وەکو سەبەتەی خۆراک بەکاربێنین، چونکە زەوییەکی بەپیتمان هەیە، ئێمە ئەگەر سوود لەوە وەربگرین دەتوانین کاریگەریمان هەبێت، ئەم بابەتی دانوستاندنە دەتوانێت کاریگەریی هەبێت لەسەر پێگەت، وەکو نیشتمان، وەکو نەتەوە، ئەوەی کە بتوانیت وەبەرهێنەری ئاسایشی خۆراک بیت نەک تەنیا بۆ خۆت، بەڵکو بۆ وڵاتانی دیکەش، زۆر وڵاتانی دیکە هەن کە لەوانەیە ئەو خاکەیان نەبێت بتوانن کشتوکاڵی تێدا بکەن، هەرێمی کوردستان دەتوانێت پێداویستییەکانی ئەوانیش دابین بکات، ئەمە وا دەکات کە بابەتی دانوستاندن، هەناردەکردن و هاوردەکردن، بگەیێنێتە ئاستێک کە لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستاندا بێت.

هەموو شتێک لەسەر ئەوەیە کە تۆ پێویستیت بە چییە؟ راستە ئێمە نەوت و گازمان هەیە و زۆرترین داهاتمان لەو کەرتەوە بووە، بەڵام رۆژێک لە رۆژان ئەم داهاتە بەرەو کۆتایی دەچێت، ئێمە دەبێ ئەو کاتە چی بکەین؟ دەبێ لە سەرەتاوە بیر لەوە بکەینەوە کە مادام توانای ئەوەت هەیە کەرتی کشتوکاڵی وا لێبکەیت کە ببێتە سەرچاوەیەکی گرنگی داهات بۆ وڵاتەکەت؛ بۆ نایکەیت؟ من پێموایە تاوەکو ئێستا کە ئەمە نەکراوە، هەڵە بووە. دەبوو زوو وەبەرهێنان لە کەرتی کشتوکاڵیدا بکرێت بۆ ئەوەی ئەم بناخەیە لە سەرەتاوە دروستبکرێت. دوای ئەوە دێیتە سەر ئەوەی کە وڵاتانی دیکەش پێویستیان بەوەیە کە بێن ئاڵوگۆڕی بیروڕا بکەن لەگەڵتان، ئەم بیروڕایە کراوە، ئێمە لەگەڵ ئەو ڵاتانەی کە دۆستمانن دانیشتووین، بیرۆکەکەمان لەگەڵیان باسکردووە کە کوردستان دەتوانێت پێداویستییەکانیان دابین بکات ئەگەر ئەوانیش بیانەوێ سوود لەو سامانە نیشتمانییە یان سرووشتییە وەربگرن.

ئەمە رێگەی خۆشکرد بۆ ئەوەی گفتوگۆ بکەین لەسەر ئەوەی کە لە سەرەتاوە وەکو (پالێت پرۆجێکت) شتێک بکەین، بیرمان لەوە کردەوە کە هەنار (کە هەناری کوردستان زۆریش تام خۆشە) وەکو پالێت پرۆجێکتێک بەکاربێنین و هەناردەی بکەین، بەڵام بەوە ناوەستن، دواتر بیر لەوە دەکەینەوە کە بەرهەمەکانی تری کشتوکاڵیش وەکو ترێ، هەنگوین، هەنجیر و زۆر میوەی تر هەناردەی دەرەوە بکەین. پێموایە ئەمە زۆر زۆر یارمەتیدەر دەبێت بۆ جووتیارەکان و هەرێمی کوردستان بە گشتی.

من داکۆکیم لەوە کردووە کە تامی میوەی کوردستان وەکو خۆی بمێنێتەوە بۆیە داوامان کردووە شتەکان ئۆرگانیک بن و خەڵك هەست بەم تامە خۆشە بکات، من دڵنیام دۆستمان زیاتر دەبێت و ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە بەینی ئێمە زیاتر دەبێت. تەنیا وەکو پالێت پرۆجێکت دەستمان بە هەناردەی هەنار کردووە، هەناری کوردستان زۆر زۆر تام خۆشە، وەکو پێویست ئامادەبوو کە لە سەرەتاوە بەوە دەستپێبکەین، بەڵام دەتوانم ئەوە بڵێم کە لە قۆناخەکانی داهاتوو لەسەر میوەکانی دیکەی کوردستانیش ئیش بکەین.

من لە سەرەتاوە باسمکرد کە کشتوکاڵ دەبێتە سەرچاوەی دروستکردنی زۆر بابەتی دیکەی ئابووری، ئەگەر بەرهەمی نێوخۆیی کشتوکاڵی زیاد بکات، پێویستت بەوە دەبێت کە لە شوێنێک هەڵیان بگریت، کەواتە دەبێ ژمارەیەک وەبەرهێنی دیکە بێن کۆگا دروستبکەن، بۆ کۆکردنەوەی ئەم هەموو بەرهەمە نێوخۆییە، دواتر پێویستت بە پاکێجینگ دەبێت، کەواتە دەبێ کۆمپانیای دیکە بێن بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی رێکوپێک و ستاندارد ئەوانە ئامادەبکەن بۆ ئەوەی هەناردەی بکەن. پێویستت بە کۆمپانیای دیکە دەبێت بۆ گەیاندن، کەواتە تەنیا بە زیادکردنی بەرهەمی کشتوکاڵی، چەندین کەرتی تر بەکار دەخرێن، چەندین کۆمپانیای تر بەکاردەخرێن، هەر کۆمپانیایەک لەمانە، هەر کەرتێک لەمانە، چەندین هەلی کار دروست دەکات. کەواتە سەرچاوەی دروستکردنی ئابوورییەکی بەهێز، لە کشتوکاڵەوە دەستپێ دەکات و پەرەدەسێنێت بۆ پێشەسازی و بازرگانی، ئەمە وا دەکات کە لە ماوەیەکی زۆر کورتدا، ئابووریی کوردستان هەستێتەوە و بەهێزتر ببێت. رێگە کراوەیە، ئەگەر ئێمە وەبەرهێنەری نێوخۆییمان هەبێت، بێگومان وڵاتی خۆیانە و ئێمە وەکو حکومەت پاڵپشت و هاندەریشیان دەبین. ئەگەر دەتوانن بە هاوبەشی لەگەڵ وەبەرهێنەری بیانیش کار بکەن، بۆ ئەمەش رێگە کراوەیە. ئەگەر وەبەرهێنەری بیانیش هەبێت و بیەوێ راستەوخۆ وەبەرهێنان لێرە بکات، دیسان رێگە بۆ ئەوانەش هەیە. واتە بۆ هەموو لایەک رێگە هەیە و حکومەتیش پاڵپشت و هاوکار دەبێت.

داوا لە جووتیارەکان دەکەم زیاتر وەبەرهێنان لە کەرتی کشتوکاڵ بکەن، بەرهەمی ناوخۆیی زیاد بکەن، نەک تەنیا بۆ ناوخۆی هەرێمی کوردستان، بەڵکو دەتوانین هەنادەری دەرێش بکەین، بەمە داهاتی خۆیان زیاد دەکات، کوردستان بەهێزتر دەبێت، داوا لە هەموو وەبەرهێنەرە بیانییەکانیش دەکەم بێن سوود لەو دەرفەتە وەربگرن کە ئێستا هەرێمی کوردستان رەخساندوویەتی، بۆ ئەوەی بێن وەبەرهێنان لێرە بکەن، بۆ پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵ کە هەم بۆ خۆمان و هەم بۆ ئەو کەسە بە سوود دەبێت کە وەبەرهێنانی تێدا دەکات. من پێموایە سڕی سەرکەوتنی کوردستان لە پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵدایە، زۆر خۆشحاڵم کە دەبینم جووتیارەکان ئێستا بە جۆرێکی دیکە سەیری ئەو سامانە نیشتمانییە دەکەن، ئەمە دەتوانێت کوردستان بخاتە ئاستێکی زۆر بەرزتر، بۆیە من ئومێدێکی زۆرم هەیە کە لەم دەرگایەوە دەتوانین کوردستان بەرەو پێشکەوتنی زیاتر ببەین و هەنگاوی زیاتریش بۆ ئایندەیەکی باشتر بۆ خەڵکی خۆمان دابین بکەین.