Skip to the content

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی وەزارەتی داد دەکات

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- لە چوارچێوەی سەردانەکانیدا بۆ وەزارەت و فەرمانگەکانی حکومەت، ئەمڕۆ پێنجشەممە7ی تەمموز، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی وەزارەتی دادی کرد و لەلایەن فەرسەت ئەحمەد وەزیری داد، پێشوازی لێ کرا.
پاشان سەرۆکی حکومەت، بە ئامادەبوونی وەزیر و سەرۆکی ئەنجومەنی شورا و سەرۆکی داواکاری گشتی و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەت، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە وەزارەتی دادی کرد.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، وەزیری داد، کورتەیەکی دەربارەی پەیکەر و بەشەکان و کار و چالاکی و پلانەکانی وەزارەت و کارکردنیان لە چوارچێوەی کارنامە کابینەی نۆیەم پێشکەش کرد.
دواتر سەرۆکی حکومەت، لە وتەیەکدا ئاماژەی بە گرنگیی وەزارەتی داد و سەقامگیربوونی دادپەروەری بە گشتی کرد و گوتی دادپەروەریی و بەدەستهێنانی ڕەزامەندی هاووڵاتییان بنەمای سەرکەوتن و بەهێزبوون و مانەوەی هەر دەسەڵات و حکومڕانییەکە، بۆیە خوازیارم وەزارەتی داد و هەموو دامودەزگاکانی حکومەت، کار لە پێناو جێبەجێکردنی دادپەروەری و خزمەتکردنی هاووڵاتییان بەگشتی و بەبێ جیاوازی بکەن.
سەرۆکی حکومەت جەختی لە گرنگیی نەهێشتنی ڕووتین و بیرۆکراسی و پێشکەشکردنی ئاسانکاری پێویست بۆ هاووڵاتییان و بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکانی حکومەت کردەوە .
سەرۆکی حکومەت هەروەها ئامادەیی هەموو هاوکاری و هەماهەنگییەکی حکومەتی لە گەڵ دادگاکانی کوردستان دەربڕی بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی پیشەییانە و بە خێرایی، ئەرکەکانیان رابپەڕێنن و لە بەسزاگەیاندنی تاوانباران و سەرپێچیکارانی یاسا بە گشتی و بەتایبەتیش بازرگانانی ماددەی هۆشبەر، هیچ کەمتەرخەمییەک نەکەن.
لە کۆتاییدا سەرۆکی حکومەت، وەڵامی تێبینی و سەرنج و پێشنیاری ئامادەبووانی دایەوە.