Skip to the content

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن دەکات

سەرۆکی حکومەت :
* دەبێ ڕێگە لە خراپ بەکارهێنانی تەکنەلۆجیاو ئینتەرنێت و ئامێرەکانی پەیوەندی بگیرێت و سەرپێچیکاران ڕووبەڕووی یاسا بکرێنەوە.

 هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ سێشەممە 14ی حوزەیران، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی سەردانەکانیدا بۆ وەزارەت و فەرمانگەکانی حکومەت، سەردانی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی کرد و لەلایەن ئانۆ جەوهەر وەزیری گواستنەوە و گەیاندن پێشوازی لێ کرا.
دواتر سەرۆکی حکومەت، بە ئامادەبوونی وەزیر و بەڕێوەبەرە گشتییەکان، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی کرد.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، وەزیری گواستنەوە و گەیاندن و بەڕێوەبەرانی وەزارەت، بە داتا و زانیاری، کار و چالاکی و پڕۆژەکانی وەزارەت و بەرنامە و پلانەکانیان لە بوارەکانی گواستنەوە و گەیاندن خستەڕوو.
پاشان سەرۆکی حکومەت، لە وتەیەکدا باسی لە گرنگی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن کرد کە یەکێکە لە وەزارەتە خزمەتگوزارییەکانی حکومەت، کە لە چەندین بواردا، خزمەتگوزاریی پێشکەشی هاووڵاتییان دەکات.
سەرۆکی حکومەت، ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە لە کوردستان سوود لە پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا وەربگیرێت بە ئاراستەی بە ئەلیکترۆنیکردنی خزمەتگوزارییەکانی حکومەت و نەهێشتنی ڕووتین و بیرۆکراسی لە بەڕێوەبردنی کاروبارەکانی حکومەت و خزمەتکردنی هاووڵاتییان بە شێوەیەکی باشتر وخێراتر.
سەرۆکی حکومەت، هەروەها ئاماژەی بە گرنگیی ڕێکخستنەوەی بواری گەیاندن و پەیوەندی و کارکردنی کۆمپانیاکانی ئەو بوارە کرد، بەجۆرێک نابێ قۆرخکاری لەم ڕووەوە هەبێت و پێویستە پشتیوانیی لە داهێنان لە بواری تەکنەلۆجیا و پڕۆژەی بچووک بکرێت و دەبێ لە وەرگرتنی کارمەندانی کەرتی تایبەت، زۆرترین دەرفەت بە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بدرێت و نابێ ڕێژەی کارمەندانی خەڵکی هەرێم لە کۆمپانیاکان، لە %70 کەمتر بێت.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، باسی لە پێویستی و گرنگیی ڕێکخستنەوەی بەکارهێنانی پەیوەندی و تەکنەلۆجیا لە هەرێمی کوردستان کرد، کە بەداخەوە زۆر جار خراپ بەکارهێنانی تەکنۆلۆجیا و ئامێرەکانی پەیوەندی و ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، زیانێکی زۆری بە کۆمەڵگە گەیاندووە و کێشەی گەورەی خێزانی و کۆمەڵایەتی و دەروونی و یاسایی لێکەوتووەتەوە ، ئەمە جیا لەوەی زۆر جار بوونەتە هۆی بڵاوکردنەوەی بیر و هزری تیرۆریستی و تووندڕەوی، بۆیە دەبێ سنوورێکی بۆ دابنرێت و ڕێکاری یاسایی بەرامبەر خراپ بەکارهێنانی تەکنەلۆجیا و ئینتەرنێت بگیرێتەبەر.
سەرۆکی حکومەت، باسی لە پلانەکانی حکومەتیش کرد لە بواری پێشخستنی گواستنەوەی گشتی، لەم ڕووەوە ئاماژەی بە پڕۆژەی ستراتیجی بنیاتنانی هێلی ئاسنین لە نێوان هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی عێراق و وڵاتانی دراوسێ و جیهان کرد کە کاریگەرییەکی ئەرێنی لە سەر پێشخستنی ژێرخانی ئابووری هەرێمی کوردستان و عێراق دەبێت . هەروەها باس لە چەند پڕۆژەیەکی تایبەت بە پاس و تەکسی لە نێو شارەکان و دروستکردنی تێرمێنالی نێودەوڵەتی بۆ بارهەڵگرەکان و چەندین پڕۆژەی دیکە بۆ باشترکردنی گواستنەوەی گشتیی کرا .
لە کۆتاییدا، ئامادەبووان پێشنیار و ڕاسپاردە و تێبینی پێویستیان بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییەکانی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن خستەڕوو.

بۆ بینینى دەقى وتارەکە بەشێوەى ڤیدیۆ، کلیک لەسەر ئەم لینکەى خوارەوە بکە:

گوتەکانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن - YouTube