Skip to the content

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گەڵ بەڕێوەبەری دەزگاکانی ڕاگەیاندنی کوردستان کۆدەبێتەوە

سەرۆکی حکومەت:
* حکومەتی هەرێمی کوردستان، پشتیوانی لە ئازادی ڕاگەیاندن و ڕادەربڕین و ڕەخنەگرتن دەکات

* حكومەتی هەرێم سەرەڕای چەندین قەیران، بەڵام بەردەوام بووین لە ئەنجامدانی پڕۆژە و چەندین چاکسازیمان لە سەرجەم بوارەکاندا ئەنجامدا.

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ دووشەممە 20 ی حوزەیران ، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، لە گەڵ بەڕێوەبەری ژمارەیەکی زۆر لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی کوردستان کۆبووەوە .
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەدا کە مەبەست لە کۆبوونەوەکە ئەوەیە گفتوگۆیەکی ڕاشکاوانە لەگەڵ ڕاگەیاندن و لە ڕێگەی ئەوانیشەوە، لەگەڵ خەڵکی کوردستان بکەین بۆ بەرچاوڕوونی و خستنەڕووی زانیاری و ڕوونکردنەوەی هەڵوێستی حکومەت لە بارەی چەندین بابەتی گرنگ.
سەرۆکی حکومەت، داوای لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن کرد، کە هاوکار و یارمەتیدەری حکومەت بن بۆ سەرخستنی پرۆسەی چاکسازی و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی . ئاماژەشی بەوەدا کە ڕاگەیاندن ئەرکێکی پیرۆز و گرنگی هەیە و پێویستە بە بەرپرسیارییەتیەوە ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن.
سەرۆکی حکومەت دووپاتی کردەوە، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، پشتیوانی لە ئازادی ڕاگەیاندن و ڕادەربڕین و ڕەخنەگرتن دەکات بۆ چاکسازی و باشترکردن و بەرەوپێشبردنی بارودۆخی کوردستان. بەڵام لە هەمانکاتدا، پێویستە ڕاگەیاندن داکۆکیش لە پرسە نیشتمانییەکان و دەسکەوتەکان بکات کە لە ئەنجامی قوربانیدانێکی زۆری خەڵکی کوردستانەوە، بەدەست هاتوون.
سەرۆکی حکومەت، باسی لەوە کرد کە کابینەی نۆیەم، زۆرترین زانیاری بڵاوکردووەتەوە و ڕوونکردنەوەی پێویستی بە پەرلەمانی کوردستان و ڕای گشتی داوە.
سەرۆکی حکومەت ڕوونیکردەوە کە ئێمە لەناوچەیەکی قەیراناوی و نائارامدا دەژین،لە ساڵانی ڕابردووشدا ڕووبەڕووی چەندین قەیران بووینەوە، وەک کۆڕۆنا و قەیرانی تەندروستی و دارایی، بەڵام سەرەڕای ئەمەش، ئێمە نەوەستاین و بەردەوام بووین لە ئەنجامدانی پڕۆژە و چەندین چاکسازیمان لە سەرجەم بوارەکاندا ئەنجامدا. بەڵام وەک سەرۆکی حکومەت ئاماژەی پێدا، چاکسازی پرۆسەیەکی بەردەوامە و کاتی پێویستە و ئامانجیش لەم چاکسازییانە، بنیاتنانی ژێرخانێکی بەهێزی ئابوورییە.
سەرۆکی حکومەت جەختی لەوە کردەوە، کە حکومەت هی هەموو هەرێمی کوردستانە و بەبێ جیاوازیيش، خزمەتی هەموو پارێزگا و شار و ناوچەکانی کوردستان دەکات.
لە بارەی پەیوەندییش لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی، سەرۆکی حکومەت دووپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان، هەمیشە ئامادەبووە کێشەکان لەگەڵ بەغدا لە سەر بنەمای دەستوور چارەسەر بکات، هەرێمی کوردستان ئەرکەکانی جێبەجێ کردووە و داواش دەکات مافە دەستوورییەکانی پێشێل نەکرێت .
لە کۆتاییدا سەرۆکی حکومەت، وەڵامی سەرنج و تێبینی و ڕاسپاردەی ئامادەبووانی دایەوە و کورتەیەکیشی دەربارەی چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بوارە جیاوازەکاندا خستەڕوو.