Skip to the content

ئەنجومەنی ئابووری هەرێمی کوردستان، بارودۆخی ئابووری و ڕێکخستنەوەی داهات و رسومات تاووتوێ دەکات

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ شەممە 5ی ئاداری 2022 ئەنجومەنی ئابووری هەرێمی کوردستان، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت کۆبووەوە .

لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ دەربارەی ڕاپۆرتی لیژنەی سەرپەرشتیکردنی پرۆسەی ڕێکخستنەوەی باج و رسومات لە سەرجەم وەزارەت و دامودەزگا وپارێزگاکان كرا، ئەم لیژنەیە پێشتر لە لایەن ئەنجومەنی ئابوورییەوە‌ پێکهێنرا بە مەبەستی ڕێکخستنەوەو پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندنی ئەو ڕسومات و کرێ خزمەتگوزاریانەی کە دامودەزگاکانی حکومەت کۆیان دەکەنەوە، لە پێناوی ئەوەی جارێکی تر ئەو داهاتانە بخرێنەوە خزمەتی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان.

لەم ڕووەوە، پوختەی ڕاپۆرتەکە خرایەڕوو کە چەندین پێشنیاری پێویستی بۆ دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەخۆگرتبوو لە پێناوی ڕێکخستنەوەی ئەو رسومات و کرێی خزمەتگوزارییانەی وەردەگیرێن لە ھاووڵاتییان، بەجۆرێک ڕەچاوی بارودۆخی بژێویی وئابووری هاووڵاتی سوودمەند لە خزمەتگوزاریی بکرێت، سەرەڕای برەودان بە گەشەکردنی بازرگانی و ئابووری. لە گرنگترین پێشنیارەکانیش کە لە ڕاپۆرتەکدا هاتبوو، پێداچوونەوە بە یاسا وڕێنماییە بەرکارەکان و بایەخی برەودان و پێشخستنی سیستمی ئەلکترۆنی تۆماری داهاتەکان و لابردنی ئاستەنگەکان رووتین وبڵاوکردنەوەی زانیارییەکان لەسەر داهاتی گشتی ناو ئەو سیستمە ئەلکترۆنیە بۆ ڕای گشتی وخستنەڕووی بوارەکانی خەرجکردنیان بوو.

سەرۆکی حکومەت، وێڕای دەستخۆشیکردن لە لیژنەکە بۆ ئەنجامدانی کارەکانیان بە شێوەیەکی پیشەییانە، جەختی لە گرنگیی پەرەپێدانی سیستەمی ئەلیکترۆنی لە کاروبارەکانی حکومەت و بەتایبەتی بۆ تۆمارکردنی خەرجی و داهاتەکان کردەوە کە دەبێتە هۆی زیادکردنی شەفافیەت و سنووردانان بۆ گەندەڵی و بەهەدەردانی داهاتی گشتی و کەمکردنەوەی رووتین و ئەڵقە زیادەکانی پرۆسەی ڕاییکردنی مامەڵەکانی پەیوەست بە کۆکردنەوەی داهاتی گشتی.

دوای گفتوگۆ لەسەر پێشنیارەکان، ئەنجومەنی ئابووری پێشنیارەکانی پەسەندکرد و بڕیاردرا بە جێبەجێکردنیان لە چوارچێوەی پلانێکی تۆكمە‌، بە جۆرێک لایەنی بەرپرسیار وپرۆسەی جێبەجێکردن و ماوەی پێویست بۆ هەر پێشنیارێک دیاری بکرێت.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا ، هەروەها گفتوگۆ دەربارەی دۆخی ئابووری و دارایی کرا و جەخت لە پێویستیی ڕێکخستنەوەی داهاتی ناوخۆیی و نانەوتییەکان کرا ، لە هەمانکاتدا هەوڵەکانیش بەردەوامە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و حکومەتی هەرێم درێغی ناکات لە هەوڵدانی جدی بۆ دابینکردنی بودجەی هەرێم ومووچەی مووچە‌خۆران. هەروەها ئەنجومەنی ئابووری، وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕاسپارد، ئامادەکاری پێویست بکات بۆ بەردەوامیدان بە پرۆسەی دابەشکردنی مووچە.