Skip to the content

سەرۆکی حکومەت سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە ڕووداوەکانی تەقینەوەی غاز دەکات

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- سەربەلەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 22ی نۆڤێمبەر، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە هۆکاری ڕووداوەکانی تەقینەوەی غاز لە سلێمانی و دهۆک کرد.
لە دەستپێکی کۆبوونەوەکە، سەرۆکی حکومەت پرسە و سەرەخۆشی قووڵی ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری قوربانییەکان کرد و هیوای چاکبوونەوەی خێرای بۆ بریندارانی ڕووداوەکان خواست.
سەرۆکی حکومەت بە ڕێز و پێزانینێکی زۆرەوە، باسی لە گیانفیدایی و قوربانیدانی ڕائید عەلی بەرواری جێگری بەڕێوەبەری پۆلیسی فریاکەوتنی دهۆک و پۆلیسە هاوکارەکانی کرد کە لە پێناو پاراستنی گیانی هاووڵاتییان و بەتایبەتی قوتابییان، خۆیان کردە قوربانی.

سەرۆکی حکومەت لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی راسپارد کە پێداچوونەوە بە هەموو ئەو شوێنە گشتی و تایبەتانەی ئەم جۆرە سیستەمە بەکاردەهێنن بکەن و لێکۆڵینەوەی جیدی و ورد لە بارەی جۆری غازەکە و لایەنە جێبەجیکارەکان و هۆکارەکانی ڕووداوەکانی سلێمانی و دهۆک بکەن . تا دەرکەوتنی ئەنجامی لێکۆڵینەوەش، بڕیاردرا بەکارهێنانی سیستەمەکە لەو شوێنانەی بەکاردەھێنرێت ڕابگیرێت .