Skip to the content

سەرۆکی حکومەت لە گەڵ ژمارەیەک باڵیۆز کۆدەبێتەوە

هەولێر،هەرێمی کوردستان، (GOV.KRD)- ئەمڕۆ چوارشەممە 2 ی نۆڤێمبەر، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ باڵیۆزی ژمارەیەک وڵات لە عێراق کە پێکهاتبوو لە ئەلینا ڕۆمەناوسکی باڵیۆزی ئەمەریکا، ڤیلە ڤاریۆلا باڵیۆزی یەکێتیی ئەوروپا، ماوریتزۆ گریگانتێ باڵیۆزی ئیتالیا و پراشانت پیسێ باڵیۆزی هیندستان کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ دەربارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەو وڵاتانە و بارودۆخی گشتیی عێراق دوای دەستبەکاربوونی حکومەتی نوێی فیدراڵی کرا.
لەبارەی پەیوەندی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی، سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەدا، کە هەرێمی کوردستان، خوازیاری باشترین پەیوەندییە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی و ئومێدەوارین حکومەتی نوێ، لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی کارنامەکەیدا، کار بکات لە پێناو خزمەتکردنی هاووڵاتییان و پێکهاتە جیاوازەکانی عێراق و لە سەر بنەمای دەستووریش ، کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی ، بەشێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر بکات.
سەرۆکی حکومەت هەروەها کورتەیەکی دەربارەی چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم لە بواری هەمەجۆرکردنی ئابووری و بەدیجیتەڵکردن و هەنگاونان بەرەو حوکمڕانییەکی ئەلیکتڕۆنی خستەڕوو. جەختیشی کردەوە کە بە ھیچ شێویەک لە ھەرێمی کوردستان، ڕێگە بە تیرۆر و تۆقاندن نادەین .

باڵیۆزانی بەشداری کۆبوونەوەکە، ئامادەیی و خواستی وڵاتەکانیان بۆ هاریکاریکردن و برەودان بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، دووپات کردەوە.