Skip to the content

سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە جێگری فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا دەکات

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ئەمڕۆ یەکشەممە 27ی نۆڤێمبەر، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان،پێشوازی لە جەنەرال ئەندرو گارنەر جێگری فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا کرد.
لە دیدارەکەدا دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە و ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی تیرۆریستانی داعش و گرنگیی پاراستنی سەروەری و ئاسایش و سەقامگیری عێراق و هەرێمی کوردستان تاووتوێ کرا.
جێگری فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا،کورتەیەکی دەربارەی ئەرک و چالاکییەکانی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا خستەڕوو. پابەندبوونی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیشی، بە بەرەدامیی پشتگیريکردنی هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە.
سەرۆکی حکومەت تیشکی خستە سەر دوایین هەنگاو و بەرەوپێشچوونەکانی پرۆسەی چاکسازی و یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە و جەختی لە پێویستیی سەرخستنی پرۆسەکە وەک بەشێکی گرنگی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردەوە.
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە پێویستیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لە سەر بنەمای دەستوور و برەودان بە هەماهەنگیی ئەمنی و سەربازی لە نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق، بە تایبەتی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان.