Skip to the content

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی باڵای یەکێتیی نێودەوڵەتیی کلدانی دەکات

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ئەمڕۆ شەممە 26ی نۆڤێمبەر، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی باڵای یەکێتیی نێودەوڵەتیی کلدانی بە سەرۆکایەتی سام یۆنۆ کرد کە لە نوێنەرانی ڕەوەندی کلدانی لە باکووری ئەمەریکا و ئەوروپا و کلدانەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان پێکهاتبوو.
سەرۆکی یەکێتیی نێودەوڵەتیی کلدانی، ستایشی پێشکەوتن و ئاوەدانیی و بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی هەرێمی کوردستانی کرد و پشتیوانیی ڕەوەندی کلدانی لە دەرەوەی وڵات، بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەشداریکردن لە پرۆسەی گەشەپێدانی هەرێمی کوردستان دەربڕی.
سەرۆکی حکومەت سوپاسی یەکێتیی نێودەوڵەتیی کلدانی کرد و جەختی لەوە کردەوە، کە هەرێمی کوردستان، بەردەوام دەبێت لە پەرەپێدانی زیاتر کولتووری بەیەکەوەژیان و ئازادی ئایینی و پاراستنی مافی گشت پێکهاتەکان. داواشی لە ڕەوەندی کلدانی و کریستیانەکانی دەرەوەی وڵات کرد کە بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان و ڕۆڵی کارای خۆیان لە پێشخستنی کوردستاندا بگێڕن.