Skip to the content

سەرۆکی حکومەت لە ئاهەنگی دەرچوونی زانکۆی پزیشکی هەولێر : دەستمان بە چەند هەنگاوێک کردووە بۆ چاکسازیکردن لە بواری تەندروستی

پزیشکیی پیشە و ئەرکێکی زۆر پیرۆز و مرۆڤانەیە کە پێویستە بەر لە هەر شتێک، ئامانجەکەی ڕزگارکردنی ژیانی خەڵک و پاراستنی تەندروستییان بێت.

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)-  ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، ئاهەنگی دەرچوونی قوتابییانی زانکۆی هەولێری پزیشکی بەڕێوەچوو

 سەرۆکی حکومەت لە گوتارێکدا ئاماژەی بەوەدا کە پزیشکیی، پیشە و ئەرکێکی زۆر پیرۆز و مرۆڤانەیە کە پێویستە بەر لە هەر شتێک، ئامانجەکەی ڕزگارکردنی ژیانی خەڵک و پاراستنی تەندروستییان بێت . بۆیە هیوادارم هەمیشە و بەر لە هەرشتێک، لایەنە مرۆیی و ئینسانییەکەی پیشەکەتان، لەبەرچاو بێت.

ئەمەش دەقی گوتارەکەیە :

 

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان

مامۆستایان و قوتابییانی دەرچووی بەڕێز

 

بەڕێزان دایک وباوک و کەسوکاری قوتابییان

 

 بەختەوەرم ئەمڕۆ لە گەڵ ئێوە بەشدارم لە ئاهەنگی دەرچوونی ژمارەیەکی دیکە لە قوتابییانی زانکۆی هەولێری پزیشکی. پیرۆزباییتان لێ دەکەم و هیوادارم لە قۆناخی داهاتووی ژیانی پیشەییتاندا سەرکەوتووبن بۆ خزمەتکردنی کوردستان. دەستخۆشی لە دایک وباوک و کەسوکارەکانتان دەکەم کە هەوڵ و ئەرک و ماندووبوونێکی زۆریان کێشاوە و زەمینەی سەرکەوتنیان بۆ ئێوە ڕەخساندووە.  هەروەها سوپاسی سەرۆک و ئەنجومەنی زانکۆی هەولێری پزیشکی و گشت مامۆستایانی ئەم زانکۆیە دەکەم بۆ ئەرک و ماندووبوونیان لە ئیدارەدان و پێشخستنی ئەم زانکۆیە و پێگەیاندنی ئەم قوتابییانە کە جێگەی دەستخۆشییە.

  دەرچووانی بەڕێز:

 ئێوە کە دەبنە پزیشک، هیوادارم و دڵنیام کە لە ئاست پیرۆزی پیشەکەتان و سوێندخواردنەکەتان بن . پزیشکیی، پیشە و ئەرکێکی زۆر پیرۆز و مرۆڤانەیە کە پێویستە بەر لە هەر شتێک، ئامانجەکەی ڕزگارکردنی ژیانی خەڵک و پاراستنی تەندروستییان بێت . بۆیە هیوادارم هەمیشە و بەر لە هەرشتێک، لایەنە مرۆیی و ئینسانییەکەی پیشەکەتان، لەبەرچاو بێت.

 بێگومان لە گەڵ دەرچوونتان لە زانکۆ، قۆناخێک لە قۆناخەکانی ژیانتان کۆتایی دێت، بەڵام  فێربوون کۆتایی نایەت، چونکە فێربوون، پرۆسەیەکی بەردەوامە و مرۆڤ بە گشتی و لە قۆناخە جیاوازەکانی ژیانیدا، پێویستە بەردەوام بێ لە هەوڵی گەڕان بەدوای زانست و زانیاری و فێربووندا. بەتایبەتیش بواری پزیشکیی و تەندروستی وەک زۆر بواری دیکە، لە پێشکەوتنی بەردەوامدایە ، بۆیە دەبێ ئێوەش، هەمیشە لە هەوڵی بەردەوام و بێ وچاندابن لە پێناو بەدەستهێنانی زانیاری نوێ، بۆ ئەوەی بتوانن زیاتر خزمەتی خەڵک و کۆمەڵگەی خۆتان و مرۆڤایەتی بە گشتی بکەن.

 لە ماوەی ڕابردوودا حکومەتی هەرێمی كوردستان لە پێناو پەرەپێدانی ئاستی زانستی و ئەکادیمی زانکۆ و دامەزراوە پەروەردییەکانمان ، دەستەی متمانە بەخشین بە دامەزراوەکان و پرۆگرامەکانی پەروەردە وخوێندنی باڵا پەسەند کرد و ئامانجی ئەم دەستەیە بەرزکردنەوەی کوالیتی خوێندن و پەرەوەردەیە لە هەرێمی کوردستان. 

ئێمە شایەتی ئەوەین کە ئاستی زانکۆکانمان بەرزبووەتەوە ، بەڵام بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین ڕکابەری لە گەڵ زانکۆکانی جیهانیدا بکەین بە پێویستمان زانی ئەم دەستەیە دابمەزرێنین بۆ ئەوەی زانکۆکانمان لە ئاستی جیهاندا بتوانن پلەکانیان بەرز ببێتەوە و ئاستی خوێندن لە کوردستان بەرز بکەینەوە.

 

دەزانم بواری تەندروستی لە کوردستان کێشە و گرفتی هەیە، بۆیە یەکێک لە لایەنە گرنگەکانی چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، چاکسازیکردنە لە بواری تەندروستی و باشترکردنی کوالیتی نەخۆشخانەکان و چاکسازیکردنە لە هاوردەکردن و پشکنین و چاودێریکردنی داو و دەرمان . بۆ ئەم مەبەستەش، دەستمان بە چەند هەنگاوێک کردووە. هیوادارم بە هاوکاری هەموولایەک، بەتایبەتی پسپۆڕانی ئەم بوارە، لە ناوە و دەرەوەی کوردستان، بتوانین کەرتی تەندروستی لە کوردستان، بە ئاستێک باش بکەین کە ببێتە نموونە لە ناوچەکەدا . 

باشترکردن و پێشخستنی کەرتی تەندروستی، بە تەنیا ئەرکی حکومەت نییە، بەڵکو پێویستی بە هەماهەنگيی و هاوکاری و پشتیوانی پزیشکان و کۆمەڵگە بەگشتی هەیە . بۆیە هیوادارم بەهەموومانەوە بتوانین بواری تەندروستی کە یەکێکە لە گرنگترین لایەنەکانی ژیان، باشتر بکەین و گەشەی پێ بدەین .

 من لەم ڕۆژانەدا،  سەردانی فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری حکومەتم کرد و داتا سەنتەری ناوەندی حکومیمان کردەوە کە یەکێکە لە فەرمانگە پێشکەوتووەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە و بەشێکە لە چاکسازییەکانی حکومەت لە بواری بەدیجتەڵکردنی خزمەتگوزارییەکان . ئەوەی مایەی دڵخۆشی و شانازییە ، هەموو کارمەند و شارەزایانی بواری ئایتی ئەو فەرمانگە پێشکەوتووە، گەنجی دەرچووی زانکۆکانی کوردستانن. بۆیە من ئومێدێکی زۆرم بە گەنجە دەرچووەکانی خۆمان هەیە کە دەتوانن ڕۆڵێکی کاریگەر ببینن لە پرۆسەی گۆڕانکاری و چاکسازی و بەرەوپێشبردنی هەرێمی کوردستان.

دڵنیابن، من بەردەوام پیشتیوانێکی بەهێزتان دەبم ، پیشتیوانی لە پڕۆژە و بیرۆکەی داهێنەرانەتان دەکەم. دڵنیاشم، ئێوە توانا و بەهرەی زۆرتان هەیە بۆ پێشخستنی کوردستان و پیشتیوانیکردنی ئەو پرۆسە چاکسازی و گۆڕانکارییەی کە ئێستا لە هەرێمی کوردستان دەستمان پێکردووە.  .

لە کۆتاییدا پێویستە هەموومان سەری ڕێز ونەوازش بۆ بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان دابنوێنین ، سوپاسی ماندووبوون و شەونخوونی و خزمەتی پێشمەرگە قارەمانەکان وهێزە ئەمنییەکانی خۆمان بکەین کە ئەم دەرفەتەیان بۆ ئێمە ڕەخساندووە کە بتوانین بە سەربەرزی لە کوردستاندا بژین و بخوێنین و هەنگاو بەرەو پێشخستنی وڵاتەکەمان بنێین.

دووبارە پیرۆزباییتان لێ دەکەم و ئومێدەوارم ببنە مرۆڤێکی بە سوود، بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵگەکەتان و مرۆڤایەتی بەگشتی.

هەر تەندروست و سەلامەت بن ، کوردستانیشمان هەر ئاوەدان بێت.