Skip to the content

سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە ژمارەیەک باڵیۆز و کونسوڵ و نێردە و دیپلوماتی وڵاتان لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات

ئەمڕۆ پێنجشەممە 12/7 ، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ئێوارەخوانێکی تایبەتدا بەبۆنەی جەژنەکانی لەدایکبوون و سەری ساڵ، پێشوازی لە باڵیۆز و کونسوڵی گشتی و نێردە و دیپلوماتی وڵاتان لە عێراق و هەرێمی کوردستان کرد.
سەرۆکی حکومەت لە گوتەیەکدا، پیرۆزبایی جەژنەکانی لەدایکبوون و سەری ساڵی لێ کردن و هیوای ساڵێکی پڕ لە شادی و سەرکەوتنی بۆ خواستن.
سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بە شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد و نیگەرانی و خەمگینی خۆی بۆ گیان لەدەستدانی قوربانییانی سڤیل دەربڕی و جەختی لە چارەسەرکردنی کێشەکان بە ڕێگەی گفتوگۆ و بە شێوازێکی ئاشتییانە کردەوە.هەروەها داوای کرد کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور و ڕێزگرتن لە مافەکانی خەڵکی کوردستان چارەسەر بکرێن.

لە بەشێکی دیکەی گوتەکەیدا، سەرۆکی حکومەت باسی لە ئاڵنگارییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەر ژیانی خەڵک کرد و داوای پەرەپێدانی هەماهەنگی و هاریکاریى کۆمەڵگەی نيودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکانی گۆڕانی کەشوهەوا کرد.