Skip to the content

سەرۆکی حکومەت بەخێرهاتنەوە و پێشوازی لە تیمی فریاگوزاريی هەرێمی کوردستان دەکات

سەرۆکی حکومەت:
بەردەوام دەبین لەوەی دەستی یارمەتی بۆ هەر كەسێكی لێقەوماو لە هەر شوێنێك كە پێمان بكرێت، درێژ بكەین.

ئەمڕۆ یەکشەممە 2/19 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە دەروازەی شاری هەولێر، پێشوازی لە تیمی فریاگوزاریی هەرێمی کوردستان كرد، کە لە سەرەتای کارەساتی بوومەلەرزەکەوە، بەمەبەستی فریاگوزاری و بەهاناوەچوون و گەیاندنی کۆمەک و هاوکاری، چوونە تورکیا و سووریا.
سەرۆکی حکومەت لە گوتەیەکدا، بەناوی خەڵکی کوردستانەوە، سوپاسی کردن و دەستخۆشی لێکردن بۆ بەهاناوەچوونی لێقەوماوان. گوتیشی : ئەوەی ئێوە كردتان، دووپات کردنەوەی ئەوە بوو کە ئێمە خەڵكێكی خێرخواز و ئاشتیخوازین، ئەوەی پێمان بكرێت دەستی یارمەتی بۆ خوشك و براكانمان لە هەر كوێی دونیا بن، درێژ دەكەین.

ئەمەش دەقی گوتەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە لە میانی پێشوازیكردنی لە تیمی فریاگوزاریی هەرێمی كوردستان:


بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان

دەمەوێ لێرەوە بە ناوی خەڵكی كوردستانەوە بەخێرهاتنێكی گەرمی ئەو خوشك و برا خۆشەویستانە بكەم كە هەر لە ڕۆژی یەكەمی ئەو بوومەلەرزەیەی كە لە باكووری كوردستان و ڕۆژئاوای كوردستان و شوێنەكانی تری توركیا و سووریا ڕووی دا، بە هانای ئەو خەڵكە لێقەوماوە چوون.
تیمەكان پێكهاتبوون لە تیمی بەهاناوەچوونی خێرا لە وەزارەتی ناوخۆ، تیمی تەندروستی و فریاگوزاریی وەزارەتی تەندروستی، دەزگای خێرخوازیی بارزانی و مانگی سووری عێراق - لقی هەولێر ، كە بێگومان وەكوو یەكەم تیمی فریادڕەس گەیشتنە ئەو خەڵكە لێقەوماوەی كە بەداخەوە زۆر كەس ژیانیان لەدەست دا و زۆر كەسیش لە ژێر خانووەكاندا مابوونەوە، ئێوە توانیتان بگەنە ئەوێ و دەستی یارمەتییان بۆ درێژ بكەن، بەڕاستی سەری ئێمەتان بەرز كردەوە، شانازیتان پێوە دەكەین، دەستخۆشیتان لێ دەكەین، بەخێرهاتنەوەیەكی گەرمی هەر هەمووتان دەكەین، ئیشەڵا خوا خێرتان بنووسێ.
ئەوەی ئێوە كردتان، دووپاتتان كردەوە كە ئێمە خەڵكێكی خێرخواز و ئاشتیخوازین، ئەوەی پێمان بكرێت دەستی یارمەتی بۆ خوشك و براكانمان لە هەر كوێی دونیا بن، درێژ دەكەین، هەر كوردێكی خاوەن ویژدان لە هەر كوێیەكی دونیا بێت، سەری بە ئێوە بەرزە و شانازیتان پێوە دەكات.
من هاتووم بۆ ئەوەی دەستخۆشیتان لێ بكەم، سوپاستان بكەم، بەخێرهاتنەوەتان بكەم، پێتان بڵێم كە ئێمە بەردەوام دەبین لەوەی دەستی یارمەتی بۆ هەر كەسێكی لێقەوماو لە هەر شوێنێك كە پێمان بكرێت، درێژ بكەین. ئێمە زۆرجار كەوتوینەتە حاڵەتی وا كە پێویستیمان بە یارمەتی خەڵكی تر هەبووە، كە دەرگایان بۆ كردووینەتەوە، زانیومانە چەند خێرێكی گەورەیە. ئێستاش كە ئێمە توانیومانە ئەم یارمەتییە بگەیەنینە خەڵكی لێقەوماو، دیسان ئەمە نیشانەی ئەوە دەگەیەنێت كە ئەگەر ئێمە پێمان بكرێت و لە توانای ئێمەدا هەبێت، ئێمە قەت چاكەی هیچ لایەنێك لەبیر ناكەین و هەمیشە دڵ و مێشك و رۆحمان لەگەڵ ئەو كەسانەیە كە لێقەوماون و پێویستییان بە یارمەتیی ئێمە هەیە.
من جارێكی دیكە دەستخۆشیتان لێ دەكەم، دەزانم تیمەكانی ئێوە، هەندێكیان هەم لە توركیا و هەم لە سووریا ماون، بە تایبەتی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، كە بەنیازی دروستكردنی هەندێك كەمپ و گەیاندنی یارمەتیی زیاترە. ئەو ڕۆژانەشی كە تیمەكانی فریاگوزاری لەوێ بوون، توانیوتانە خەڵكێكی زۆر ڕزگار بكەن، كە ئەمە جێی دەستخۆشییە. تەنانەت بەرپرسانی ئەو وڵاتانەش ڕێز و تەقدیریان بۆ ئێوە هەبووە و پێزانینی خۆیان بە ئێمە گەیاندووە. بە فەرمیش باسیان لەوە كردووە، كە ئێوە وەكوو یەكەم تیمی فریادڕەس و خزمەتگوزار ، گەیشتن بەو شوێنانەی كە پێویستییان بە هاوكارییەكانی ئێوە هەبووە.
من جارێكی تر دەمەوێ دەستخۆشیتان لێ بكەم بە ناوی هەموو خەڵكی كوردستانەوە بەخێرهاتنەوەیەکی گەرمی ئێوە بكەم، ئیشەڵا هەمیشە سەركەوتوو بن و تەندروست بن. دەزانم یەك دووێكیشتان لەوانەیە ئازارتان بەركەوتبێت، ئیشەڵا سەلامەت دەبن. جارێكی تر سوپاستان دەكەم و زۆر زۆر بەخێر بێنەوە.
من زیاتر ماندووتان ناكەم، خۆتان ماندوون و ماوەیەكی زۆرە بە ڕێگەوەن، هەندێكیشتان دەتانەوێ بگەڕێنەوە و تۆزێك رێگەكەتان دوورە، بۆیە چیتر لە كاتتان ناگرم، ئیشە هەر سەركەوتوو و سەربەرز بن، ئەوەی بە ئێمەش بكرێت بۆ پشتگیریی ئێوە، ئیشەڵا بەردەوام دەبین.