Skip to the content

په‌یامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی سەبارەت بە یه‌كه‌م پێدانی مووچە به‌ شێوازی دیجیتاڵی

ئەمڕۆ دەستپێشخەریی (هەژماری من) دەست پێدەکات، کە بەرنامەیەکی گشتگیری داراییە بۆ فەرمانبەرانی کەرتی گشتی و خانەنشینان. لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، لە میانەی قۆناغی تاقیکاریی ئەم دەستپێشخەرییەدا، مووچەی نزیکەی 850 کارمەندی نەخۆشخانەی ئافرەتان و لەدایکبوون لە هەولێر بە دیجیتاڵی دەخرێتە سەر هەژمارە بانكییه‌ نوێیەکانی فەرمانبەران. بە سوود وەرگرتن لەم دەستپێکە، پڕۆژه‌كه‌ فراوانتر ده‌كه‌ین و لە مانگی حوزەیرانەوە کار لەسەر ئەوە دەکەین کە لە ماوەی دوو ساڵی داھاتوودا پێدانی مووچەی سەرجەم فەرمانبەران و خانەنشینان و هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی هەرێم دیجیتاڵی بێت.

(هەژماری من) ڕێگایەکی پارێزراو و شەفاف و گونجاو بۆ فەرمانبەرانی حکومەت و خانەنشینان دەڕەخسێنێت، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن لە ڕێی تۆڕێک لە ئامێری ڕاکێشانی پارەوە (ATM)، مووچەکانیان وەربگرن، کە لە سەرووی 1000 شوێن لە سەرانسەری هەرێمی کوردستاندا بەردەست دەبن. جگە لەوەش، فەرمانبەرانی کەرتی گشتی، دەستیان بە خزمەتگوزارییە مۆدێرنەکانی بانک دەگات، لەوانە قەرز، توانای پاشەکەوتکردن، حەواڵەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، توانستی پارە ڕاکێشانی نێودەوڵەتی و پارەدانی ئۆنڵاین و دیجیتاڵی.

ئەم دەستپێشخەرییە، بە دڵنیاییەوە، دەبێتە هۆی مۆدێرنکردنی کەرتی بانکی و خێراکردنی پرۆسه‌ی وه‌رچه‌رخانی دیجیتاڵیمان و گەشەپێدانی ئابووریمان و لە هەمانکاتدا پشتبەستنمان بە مامەڵەی کاش کەم دەکاتەوە، بەمەش کارایی و شەفافیەتی حکومەت زیاتر دەکات.

(هەژماری من) یەکێکە لەو دەستپێشخەرییە درێژخایەنانەی کابینەی نۆیەم، کە بۆ بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و زیادکردنی خۆشگوزەرانیی هاووڵاتییان و ئاسانکاری بۆ بازرگانی لە کوردستاندا دەیخاتەڕوو. لەم ڕووەوە ، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە فراوانکردنی ئەم دەستپێشخەرییە و ڕێوشوێنی نوێ دەگرێتەبەر بۆ هاندانی زیاتری پارەدانی دیجیتاڵی.

سوپاسی وەزارەتی دارایی و ئابووری دەکەم بۆ پشتگیریی بەردەوامیان لە سەرپێخستنی ئەم دەستپێشخەرییە و بۆ هەوڵی بەردەوامیان لە بواری چاکسازیدا.