Skip to the content

سەرۆکی حکومەتی هه‌رێمی كوردستان سەردانی هێزەکانی پێشمەرگە دەکات

ئەمڕۆ هەینی 6/30، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی هێزەکانی پێشمەرگەی لە میحوەری پردێ کرد بە مەبەستی بەسەرکردنەوە و هەواڵپرسین و پیرۆزبایی جەژنی قوربان .
سەرۆکی حکومەت لە گوتەیەکدا ستایشی خۆڕاگری و قوربانیدانی پێشمەرگەی کرد کە وەک هەمیشە بەرگری لە دەسکەوتە نیشتمانییەکان و قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان دەکەن.
سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوە دا کە هەرێمی کوردستان، هەمیشە پابەندە بە دەستوور و ئەو ڕێککەوتننانەی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ واژۆ کراون و لە هەمانکاتدا، دەستبەرداری مافە دەستوورییەکانیشی نابێت.
سەرۆکی حکومەت باسی لە کێشەی داگیرکردنی زەوی جووتیارانی کورد و تورکمانی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان کرد کە لەمبارەیەوە لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ لە پەیوەندیدا بووە و داوایکردووە سنوورێک بۆ ئەو پێشێلکارییە دەستوورییە دابنرێت و سەرۆک وەزیرانی فیدراڵیش، هەندێک ڕێکاری گرتەبەر بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە .
سەرۆکی حکومەت جەختیشی لە گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەی ئەو ناوچانە لە چوارچێوەی ماددەی 140 ی دەستوور کردەوە .