Skip to the content

سەرۆکی حکومەت : حکومەتی هەرێمی کوردستان، باوەڕی تەواوی بە ستراتیژی بەهێزکردنی پێگەی ئافرەتان هەیە و کاریشی بۆ دەکات

ئەمڕۆ چوارشەممە 3/8 بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێورەسمی یادی هەشتی مارس، ڕۆژی جیهانیی ئافرەتان لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو.
لە ڕێوەرەسمەکەدا کە لەلایەن ئەنجومەنی باڵای خانمان و گەشەپێدان بە هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی یەکسانی جێندەری و تواناسازی ئافرەتانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ( UN Women ) ڕێکخرابوو، یاداشتێکی لەیەکتێگەیەشتن لە نێوان هەردوولا بۆ خزمەتکردنی پرسەکانی ئافرەتان واژۆ کرا .
سەرۆکی حکومەت لە گوتارێکدا هیوای خواست واژۆکردنی ئەم یاداشتی لەیەکتێگەیشتنە، هاوکار و یارمەتیدەر بێت لە بواری ئەو ئامارانەی کۆدەکرێنەوە و بەردەست دەبن بۆ دەستنیشانکردنی کێشە و بەربەست و گرفتەکانی بەردەم ئافرەتان و نەهێشتنی هەموو پێشێلکارییەکی مافەکانی ئافرەتان و ئاستەنگەکانی بەردەم یەکسانی جێندەری.

ئەمەش دەقی گوتاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە :

بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان

ئامادەبووانی بەڕێز :

ڕۆژتان باش


بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی ئافرەتان، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی ئافرەتانی کوردستان و عێراق و جیهان دەکەم . هیوادارم ئافرەتان هەمیشە لە ژیانیاندا سەرکەوتووبن و مافەکانیان پارێزراو بێت و دووربن لە هەر ستەم و چەوساندنەوەیەک.

دەستخۆشی لە ئەنجومەنی باڵای خانمان و گەشەپێدان و دەستەی یەکسانی جێندەری و تواناسازی ئافرەتانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ( UN Women ) دەکەم بۆ ڕێکخستنی ئەم بۆنەیە و واژۆکردنی یاداشتی لەیەکتێگەیشتن بۆ خزمەتکردنی پرسەکانی پەیوەندیدار بە ئافرەتان.
لەم یادەدا، پشتیوانیی نەگۆڕی خۆمان بۆ مافەکانی ئافرەتان و ڕۆڵی کارا و چالاکیان لە هەموو بوارەکانی ژیان وکۆمەڵگە و بەتایبەتی لە نێو دامەزراوەکانی حکومەتدا، دووپات دەکەینەوە.

ئافرەتان لە درێژایی مێژووی گەلی كوردستاندا، ڕۆڵێکی دیار و بەرچاویان لە کۆمەڵگەکەماندا هەبووە . لە قۆناخە سەخت و دژوارەکانی خەبات و تێکۆشانی کوردستاندا، هەمیشە هاوکار و یارمەتیدەر بوون و بەشداری کاریگەریان هەبووە و خاوەنی مێژوویەکی پڕ لە سەروەرین. لە دوای ڕاپەڕین و پێکهێنانی پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستانیشدا، ڕۆڵی ئافرەتانی کوردستان، لە هەموو کایەکانی حکومڕانیدا دیار و بەرچاوە و کاريش دەکەین بۆ بەهێزترکردنی زیاتری پێگەی ئافرەتان لە ناو حکومەت بەپێی توانا و شایستەیی خۆیان و نەهێشتنی هەموو جۆرە پەراوێزخستنێکی ڕۆڵی ئافرەتان لە بەڕێوەبردندا.
هیوادارم واژۆکردنی ئەم یاداشتی لەیەکتێگەیشتنە، هاوکار و یارمەتیدەر بێت لە بواری ئەو ئامارانەی کۆدەکرێنەوە و بەردەست دەبن بۆ دەستنیشانکردنی کێشە و بەربەست و گرفتەکانی بەردەم ئافرەتان و نەهێشتنی هەموو پێشێلکارییەکی مافەکانی ئافرەتان و ئاستەنگەکانی بەردەم یەکسانی جێندەری .

ئێمە وەکوو حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە هەموو هێزو توانامان دژی هەموو جۆرە پێشێلکارییەکی مافەکانی مرۆڤ و هەموو توندوتیژییەکین، بە تایبەتی توندوتیژی و کوشتن و ئازاردانی ئافرەتان و پێشێلکردنی مافەکانیان، کە بەداخەوە کۆمەڵگەی کوردستانیش ، وەک زۆر کۆمەڵگەی دیکەی دونیا بە دەستییەوە دەناڵێنێت. ئەم توندوتیژییە، بە هیچ شێوەیەک بەلای ئێمەوە مایەی قبوڵکردن نییە و بەردەوام دەبین لە بەرەنگاربوونەوەی و نەهێشتنی ئەم دیاردەیه بە شێوەیەکی گشتی .

بەڕێزان:

ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی و کارکردن بۆ پەرەپێدانی کولتووری یەکسانی جێندەری، ئەرکێکی هاوبەشی هەموومانە و پێویستە کۆمەڵگە بە گشتی و حکومەت و ڕێکخراوەکانی ئافرەتان و کۆمەڵگەی مەدەنی و مامۆستایانی ئایینی و قوتابخانە و زانکۆکان و ناوەندە ڕۆشنبیرییەکان، هەموومان بەیەکەوە کار لە سەر هوشیارکردنەوەی تاک و خێزان بکەین و کاری جیددی بکەین لە پێناو نەهێشتنی توندوتیژی و پەرەپێدانی کولتووری یەکسانی و بەیەکەوەژیان و یەکتر قبوڵکردن.

حکومەتی هەرێمی کوردستان، باوەڕی تەواوی بە ستراتیژی بەهێزکردنی پێگەی ئافرەتان هەیە و کاریشی بۆ دەکات. پێویستە پیاو و ئافرەت، وەک یەک سوودمەند بن لەو ده‌رفه‌تانه‌ى لە بەردەمیاندا دەرەخسێنرێن و هەروەها لە ئەرک و مافەکانیشیاندا، بە شێوەیەکی یەکسان سوودمەند و بەهرەمەند بن .
من جارێکی دیکەش پیرۆزباییتان لێ دەکەم و هیوای سەرکەوتن و ژیانێکی شاد و ئاسوودەتان بۆ دەخوازم.