Skip to the content

پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی بە بۆنەی پەسەندکردنی پڕۆژە یاسای کار لە هەرێمی کوردستان

دەستخۆشی لە پەرلەمانی کوردستان دەکەم کە ئەمڕۆ بە کۆی دەنگ، (پڕۆژەی یاسای کار لە هەرێمی کوردستان)ی پەسەند کرد. هەروەها دەستخۆشی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم بۆ ئامادەکردنی ئەم پڕۆژە یاسا گرنگە و پێشکەشکردنی بە پەرلەمانی کوردستان. 

پیرۆزبایی لە کرێکارانی کوردستان دەکەم کە ئەم یاسایە، ڕۆڵی گرنگی دەبێت لە پاراستنی مافەکانی کرێکاران بەگشتی و بەتایبەتی دەستەبەرکردنی مافەکانی کرێکارانی ئافرەت و نەهێشتنی هەموو جۆرە کارێکی زۆرەملێ و سنووردانان بۆ هەموو ستەم و چەوساندنەوەیەکی کرێکاران و نەهێشتنی کارکردنی منداڵان . 

هەروەها ئەم یاسایە، هەموو مافەکانی کرێکاران لە ڕووی تەندروستی و سەلامەتی پیشەیی و مافە یاساییەکانی کرێکاران دابین دەکات. ئەم یاسایە یارمەتی خاوەنکارانیش دەدات بۆ دۆزینەوەی کرێکاری گونجاو و ڕێکخستنەوەی هەلومەرجەکانی کارکردن و پەیوەندییەکانی کرێکاران و خاوەنکاران، لە سەر بنەمایەکی تەندروست و دادپەوەرانە.

پاراستنی مافي کرێکارانی کوردستان، بە تایبەتی ئەوانەی لە کەرتی تایبەت کار دەکەن ، بەشێکی گرنگی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانە لە پێناو پاراستنی مافە یاساییەکانیان و دابینکردنی داهاتووی کرێکارانی کوردستان. 

بەم بۆنەیە ، پابەندبوونی خۆمان بە بەردەوامبوون لە سەر پاراستنی مافی کرێکاران و  کارکردن لە پێناو باشترکردنی دۆخی ژیانیان دووپات دەکەینەوە.