Skip to the content

سەرۆکی حکومەت: ئەگەر خواستی ڕاستەقینە بۆ چارەسەری کێشەکان هەبێت ڕێگەی چارەسەر زۆرن

ئەمڕۆ سێشەممە 11/28، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە شاری هەولێر، کارگەی ئاسنی ڤان ستیل-ی کردەوە.
کارگەی ڤان ستیل، گەورەترین کارگەی ئاسن و شیشە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق کە لە لایەن گرووپی گەلیاوە جێبەجێ دەکرێت.
سەرۆکی حکومەت لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی کارگەکەدا، ئاماژەی بەوە دا کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە چەند ساڵی ڕابردوودا، بە هاوکاری لەگەڵ کەرتی تایبەت، پلان و بەرنامەی گرنگی هەبووە بۆ بایەخدان بە کەرتی پیشەسازی، بە تایبەت لە بوارەکانی پیشەسازیى خۆراک و پێترۆکیمياوی و پیشەسازیى کانزاکان و دابینکردنی ماددەی خام بۆ پیشەسازیى بچووك و مامناوەند و دروستکردنی چەند ناوچەیەکی پیشەسازی لە شارەکانی هەرێمی کوردستان.
ئەمەش دەقی گوتاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە:

بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان

مایەی خۆشحاڵییە کە ئەمڕۆ پڕۆژەیەکی دیکەی گرنگی پیشەسازی لە هەرێمی کوردستان دەکەینەوە.
دەستخۆشی لە کۆمپانیای جێبەجێکار، گرووپی گەلیاوە دەکەم بۆ ئەنجامدانی ئەم کارگە گرنگە کە بە ستاندارێکی جیهانی و بە بەکارهێنانی پێشکەوتووترین تەکنەلۆجیا دروستکراوە.

کردنەوەی ئەم کارگەیە، ڕۆڵێکی گرنگی دەبێت لە بەرەوپێشبردنی کەرتی پیشەسازی لە کوردستان و ڕەخساندنی هەزاران هەلی کار بۆ گەنجانی کوردستان. جێی دەستخۆشیشە کە کارگەکە پابەندبوونی خۆی بە لەبەرچاوگرتنی بنەماکانی پاراستی ژینگە و بەردەوامیی ژینگەیی دەربڕیوە. ئەمەش لە ڕێگەی بەکارهێنانی شێواز و تەکنیکی پێشکەوتوو کە دۆستی ژینگەیە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە چەند ساڵی ڕابردوودا، بە هاوکاری لەگەڵ کەرتی تایبەت، پلان و بەرنامەی گرنگی هەبووە بۆ بایەخدان بە کەرتی پیشەسازی، بە تایبەت لە بوارەکانی پیشەسازیى خۆراک و پێترۆکیمياوی و پیشەسازیى کانزاکان و دابینکردنی ماددەی خام بۆ پیشەسازیى بچووك و مامناوەند و دروستکردنی چەند ناوچەیەکی پیشەسازی لە شارەکانی هەرێمی کوردستان کە پێش چەند ڕۆژێکـ، بەردی بناخەی ناوچەیەکی پێشەسازیمان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دانا. کردنەوەی ئەم کارگەیەش بەشێکە لە هاوکاری و هەماهەنگیى حکومەت لەگەڵ کەرتی تایبەت لەپێناو زیاتر پێشخستنی ژێرخانی پیشەسازی لە کوردستان.

بەرێزان:

وێڕای چەندین گرفت لە ساڵانی ڕابردوودا کە چەندین جار ئاماژەمان پێداوە، لەم ماوەیەدا چەندین پڕۆژەی گەورەمان لە هەموو شار و شارۆچکەکانی کوردستان دەست پێ کرد لە بوار و کەرتی جۆراوجۆردا، کە زۆربەیان ئێستا کەوتوونەتە کار و لە خزمەتی خەڵکی کوردستان دان. ئامانجی ئێمە ئەوەیە ژێرخانێکی بەهێزی ئابووری لە کوردستان دروست بکەین، بۆ ئەوەی ژیانی خەڵکی کوردستان باشتر بکەین و نەوەی داهاتووش بتوانێت لەسەر پێی خۆی بوەستێت.

هیوادارین دۆخی كوردستان و عێراق و ناوچەکە، ئارام و سەقامگیر بێت و کێشەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵ، بەشێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر ببەن، بۆ ئەوەی بتوانین درێژە بە کارنامەی خۆمان بدەین لە ئاوەدانکردنەوە و بنیاتنانی ژێرخانی ئابووری.

كوردستان و عێراق بە گشتی، بە هۆی شەڕ و جەنگە یەک لە دوای یەکەکانەوە و بە هۆی خراپ بەڕێوەبردنی دەسەڵاتەوە، لە بارودۆخێکی زۆر سەختدا بووە و خەڵکەکەی لە نائارامی و دڵەڕاوکێ و هەژاری و وێرانیدا ژیاون. ئەمڕۆ کاتی ئەوەیە پەند لە هەڵەکانی ڕابردوو وەربگرین و هاوکاری و پشتیوانی یەک بکەین لەپێناو خزمەتکردنی هاووڵاتییەکانمان و بنیاتنانەوەی وڵاتەکەمان کە پێویستی بە ساڵانێکی زۆری کارکردنی بەردەوام هەیە بۆ ئەوەی بگەینە ئاستی وڵاتانی پێشکەوتوو. ئەمەش تەنیا بە هێنانەدی ئاشتی و ئارامی و چارەسەرکردنی بنەڕەتییانەی کێشەکان دێتەدی کە ئەگەر ئارەزوو و خواستی ڕاستەقینە بۆ چارەسەری هەبێت، ئەوە بێگومان ڕێگەی چارەسەر زۆرن.
لێرەدا دەمەوێ ئاماژەی بەوە بدەم کە شاندی ئێمە، ئێستا لە بەغدان بۆ چارەسەرکردنی کۆمەڵێک لەو گرفتانەی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ هێشتا ماون، بۆ ئەوەی بتوانن ڕێگەچارەی گونجاو بە تایبەتی بۆ بابەتی بودجە و دواکەوتنی مووچەی خەڵکی هەرێمی کوردستان بدۆزنەوە و بگەنە ئەنجامێکی ئەرێنی. دوێنێ گفتوگۆی باشیان هەبووە و ئەمڕۆش درێژە بەو گفتوگۆیانە دەدرێت، بۆ ئەوەی بابەتی دابینکردنی مووچە بە شێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر ببێت و چیتر خەڵکی کوردستان باجی ئەو هەڵانە نەدات کە بە شێوەیەکی نەگونجاو مامەڵە لەگەڵ مووچەخۆرانی هەرێم کراوە، هیوادارم ئەم کێشەیە چارەسەر بکرێت. لەلایەکی دیکەشەوە، بۆ چارەسەرکردنی بابەتی نەوت و گازیش، پێویستیمان بە داڕشتنی یاسایەکی فیدراڵی پێشکەوتوو لە سەر بنەمای دەستوور هەیە، بۆ ئەوەی بتوانین پرسی بەرهەمهێنان و هەناردەنەکردنەوەی نەوت دەست پێ بکەینەوە، ئەمەش هەمووی دەبێتە دەستکەوت نەک تەنیا بۆ خەڵکی کوردستان بەڵکوو بۆ هەموو خەڵکی عێراق. هیوادارین ئێمە بە تێگەیشتنی هاوبەش بتوانین زۆر شتی باشتر بکەین، چونکە ئەوەی هاوبەشە لە نێوانماندا زۆر زیاترە لەو کێشە و گرفتانەی کە هەن. تەنیا ئەوەیە هەموو لایەک بیر لەوە بکەینەوە کە بەرژەوەندی باڵای وڵاتەکەمان و خۆشگوزەرانی خەڵکەکەمان بکەینە سەرلیستی بەرنامەی کارەکانمان و هیوادارین بەیەکەوە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی و بەڕێز سەرۆکوەزیران محەمەد شیاع سوودانی و وەزیرە بەڕێزەکانی ئەم کابینەیە، لە هەموو بوارەکاندا کار و هەماهەنگیى زیاتر لەگەڵ یەک بکەین بتوانین وڵاتمان بەرەو قۆناخێکی پێشکەوتووتر و باشتر ببەین.
دووبارە دەستخۆشی لە کۆمپانیای جێبەجێکاری ئەم پڕۆژە گرنگە دەکەم و هیوادارم کوردستانمان هەمیشە ئاوه‌دان بێت و ئێوەش هەر سەربەرز و سەرفیزار بن.