Skip to the content

سەرۆکی حکومەت بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی جیهانیی کەشوهەوا بەرەو ئیمارات بەڕێ کەوت

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 11/30، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرەو دەوڵەتی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی بەڕێ کەوت بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی جیهانیی کەشوهەوا (COP28) کە ڕۆژانی 12/2-1 لە شاری دوبەی بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە سەرۆک و سەرکردەکانی جیهان بەڕێوە دەچێت.
سەرۆکی حکومەت بە بانگهێشتی شێخ محەمەد بن ڕاشد ئال مەکتووم، جێگری سەرۆکی ئیمارات و سەرۆکوەزیران و حاکمی میرنشینی دوبەی بەشداری لەم لوتکەیە دەکات کە هاوکاتە لەگەڵ ڕۆژی نیشتمانیی ئیمارات. ئەمەش لە چوارچێوەی پەرەپێدانی هەماهەنگیى نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی لێکەوتەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و کارکردنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ گەیشتن بە گەشەپێدانی بەردەوام.

لە لوتکەکەدا، باس لەو ئاستەنگانە دەکرێت کە لە ئەنجامی گۆڕانی کەشوهەوا، ڕووبەڕووی جیهان دەبنەوە، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەشدارانی لوتکەکە، کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئەم گۆڕانکارییە لەسەر هەرێمی کوردستان و عێراق و وڵاتانی جیهان تاوتوێ دەکات.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشتر لە چەندین بۆنەدا، هۆشداری لە مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەر هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بەگشتی داوە و داوای پەرەپێدانی هەماهەنگی و هاریکاریى کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و کەمکردنەوەی هەڕەشە و مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر جیهان.