Skip to the content

سەرۆکی حکومەت: پشتیوانی لە كاری هونەری دەکەین و ئومێدی زۆرم بە گەنجانی کوردستان هەیە

ئەمڕۆ سێشەممە 11/14، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، فێستیڤاڵی پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی هەولێری بەسەر کردەوە.
سەرۆکی حکومەت لە لێدوانێکدا دەستخۆشی لە ڕێکخەران و بەشدارانی فێستیڤاڵەکە کرد و گوتی: من خۆم حەزم لە هونەرە، بە تایبەتی هونەری شێوەكاری، بۆیە زۆر پێم خۆش بوو بێم سەردانی ئێرە بكەم و كاری گەنجانی خۆمان ببینم كە لە قۆناغی جیاوازی كاری خۆیاندا، شتی زۆر جوانیان كردووە، ئومێدم زۆر پێیانە كە دەتوانن ببن بە هونەرمەندی زۆر گەورە لە دواڕۆژدا. ئەوەی ئێمەش پێمان بكرێ بۆ یارمەتیدانیان، چ لێرە چ لەو شوێنانەی تر كە كاری هونەرە جوانەكانی تێدا دەكرێت، لە هەموو شار و شارۆچكەكانی تری كوردستان دەیکەین بۆ ئەوەی زیاتر یارمەتییان بدەین.
هاتنیشم بۆ دەربڕینی پشتگیریی خۆم بووە كە بزانن ئێمە گرنگی بەم هونەرە دەدەین. كاری هونەری لە كولتووری هەر وڵاتێكدا، نیشانەی مێژوو و كولتووری ئەو وڵات و نەتەوانەیە كە دەتوانن بە كاری هونەری پێشانی دونیای بدەن.
سەرۆکی حکومەت هەروەها لەبارەی كۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق و شاندی یاوەری گوتی: ئێمە كۆبوونەوەیەكی باشمان هەبوو لەگەڵ جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری نەوتی عێراق. ئەوەی لەسەر حکومەتی هەرێم بووە لە ڕووی كاری تەكنیكی یاخود یاسایی، جێبەجێ كراوە، هەمووشمان لەگەڵیان باس كرد، دەمێنێتەوە سەر ئەوەی كە مافەكانی خەڵكی كوردستان وەكوو خۆی كە لە دەستووردا هاتووە، ئەوانیش ڕێز لەو مافانە بگرن و جێبەجێیان بكەن.
سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوە دا کە قسەی زۆر كرا سەبارەت بەوەی هەرێم ئەركی چیيە و مافی چيیە، داواكارییەكانی ئێمەش لە حكومەتی فیدڕاڵ ئەوەیە ڕێز لە مافە دەستوورییەكانی هەرێم بگیرێت، بە تایبەتی دابینكردنی شایستە داراییەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان كە ماوەی چەند مانگێكە مووچەكانیان دواكەوتووە، کە هۆكارەكەی حكومەتی بەغدا بووە، داوامان كرد ئەم كێشانە كۆتاییان پێ بێ و خەڵكی هەرێمی كوردستانیش وەكوو هەموو خەڵكی تری عێراق بە مافەكانی خۆیان شاد بن و ئەو شایستانەی خۆیان كە هەیانە چیتر دوانەكەوێ.
سەرۆکی حکومەت جەختی لەوە کردەوە کە لە قسەكردندا گەیشتین بە زۆر تێگەیشتنی باش و ئەوان گوتیان دەگەڕێینەوە بۆ ئەوەی دوابڕیار لەسەر پێشنیارەكان بدەین، من ئومێدم زۆرە ئینشائەڵڵا ئەنجامێكی باش و وەڵامی باشیشی بۆ خەڵك دەبێت. لەسەر بابەتی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستانیش قسەمان كرد، بەڵێ ئەگەری هەناردەکردنەوەی نەوت هەیە بەڵام دەبێ مافەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان بەپێی دەستوور ڕەچاو بكرێت.

لەبارەی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانیش، سەرۆکی حکومەت ڕوونیکردەوە کە لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی حكومەتی فیدڕاڵ قسەی كردووە لەسەر (بابەتی ناردنی 700 ملیارەكە) جگە لە ناردنی نامەش تایبەت بەم پرسە، ئێمە كاتی خۆی داوای شەش مانگمان كرد كە ئەو بڕە پارەیەی ئەو شەش مانگەی لەم ساڵدا ماوە بۆ خەڵك دابین بكەین، ئەوان لەسەر سێ مانگ بڕیاریان دا، ئێمە داوای 800 ملیارمان كرد، ئەوان لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری 700 ملیاریان دا. بۆ سێ مانگی تر ئەوان گوتوویانە دەبێ لە مانگی 12 جارێكی تر حیسابات تەسفیە بكرێت بۆ ئەوەی بزانرێ چی ماوە دابینی بكەن. ئیتر ئێمەش چاوەڕێی ئەوەین کە ئەوانیش بەڵێنەكانی خۆیان جێبەجێ بكەن.