Skip to the content

سەرۆکی حکومەت: بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان تەنیا ئەركی حکومەت نییە بەڵکو ئەرکی هاوبەشی هەموو لایەکمانە

ئەمڕۆ یەکشەممە 10/15 بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کۆنفرانسی (بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان) لە شاری هەولێر بەڕێوە چوو کە لەلایەن نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان سازکرابوو.
سەرۆکی حکومەت لە کۆنفرانسەکەدا گوتارێکی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند: "بەپێی ئامارەکانی بەردەست، بازرگانیکردن و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان لە هەرێمی کوردستان لە بەرزبوونەوەدایە و ئەمەش زەنگی مەترسییە بۆ کۆمەڵگەکەمان”.

ئەمەش دەقی گوتاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە:

بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان
ئامادەبووانی بەڕێز:
ڕۆژتان باش .

خۆشحاڵم ئەمڕۆ لە کۆنفرانسی بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر و کارتێکەرە عەقڵییەکان ئامادەم. دەستخۆشی لە ڕێکخەرانی ئەم کۆنفرانسە گرنگە دەکەم کە تایبەتە بە یەکێک لە مەترسیدارترین دیاردەکانی ئەم سەردەمە.
بەپێی ئامارەکانی بەردەست، بازرگانیکردن و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان لە هەرێمی کوردستان لە بەرزبوونەوەدایە و ئەمەش زەنگی مەترسییە بۆ کۆمەڵگەکەمان،
حکومەتی هەرێمی کوردستان، زۆر بە ڕژدی و بەرفراوانی کار لە سەر قەڵاچۆکردن و بەرەنگاربوونەوەی ئەم هەڕەشە مەترسیدارە دەکات و هەموو هەوڵێکی دەخاتە گەڕ بۆ ئەوەی ڕێگە لە تەشەنەکردن و بڵاوبوونەوەی زیاتری بگرێت .
لەم چوارچێوەیەدا لە ساڵی 2020 یاسای ژمارەی یەکی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەر و كارتێكارە عەقڵییەكان لە هەرێمی کوردستان) پەسەند کرا. کە دەبێت هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێم هەماهەنگ و هاوکاربن بۆ جێبەجێکردنی ئەم یاسایە.

بەڕێزان...
کێشەی ماددە هۆشبەرەکان و بەرەنگاربوونەوەیان پرسێکى جیهانییە و زۆر لە کۆمەڵگاکان پێیەوە گیرۆدە بوون، بەداخەوە عێراق و هەرێمی کوردستانیش لە هەڕەشە و مەترسییەکانی بەدەر نین.
بێگومان ماددەی هۆشبەر، هەر تەنیا زەرەر و زیانی تەندروستی بەکەسی بەکارهێنەر ناگەیەنێت، بەڵکو زیانی کۆمەڵایەتی، ئابووری، ئەمنی و دارایی لە گشت کایەکانی کۆمەڵگا دەدات و هۆکارێکی سەرەکییە بۆ لاوازكردنی سەرمایەی مرۆیی.
هەرێمی کوردستان بە شێوازی جۆراوجۆر دژایەتی دەکرێت و هەوڵی لاوازکردنی دەدرێت، کە یەکێک لە شێوازە مەترسیدارەکان، ماددە هۆشبەرەکانن و یەکێکە لەو چەکانەی کە بە شاراوە و ئاشکرا بۆ مەبەستی تێکدانی شیرازەی کۆمەڵگەکەمان و لە باربردنی توانا و تەندروستی گەنجەکانمان بەکار دەهێنرێت، بۆیە دەبێ بە توندترین شێوە بەرەنگاری ئەم هەڕەشەیە ببينەوە، چونکە هەڕەشە و مەترسییەکانی ماددەی هۆشبەر، هیچی لە تیرۆر کەمتر نییە.
مافیاکان و بازرگانە تاوانبارەکان، هەرێمیان کردووەتە بەشێک لە پیلانە نەگریسەکانیان و هەوڵ دەدەن و کار دەکەن بۆ ئەوەی سوود لە هەڵکەوتەی جوگرافی هەرێمی کوردستان  وەک دەروازەیەک بۆ تێپەڕاندنی ماددە هۆشبەرەکان بۆ شوێنەکانی تر وەربگرن، بۆ ئەم مەبەستەش رێگا و شێوازی جۆراوجۆر دەگرنەبەر بۆ بارزگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان، ئەمەش هۆکارێکە بۆ ئەوەی لە هەرێمەکەمان ژمارەی ئالوودەبووان لە هەڵکشاندا بێت، بۆیە پێویستە دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێم، بە هەموو هێز و هەوڵ و تواناکانیان، بەردەوام بن لە ئەرکی پیرۆزی خۆیان و بە توندترین شێوە ڕووبەڕووی ئەو بازرگانە تاوانبارانە ببنەوە و نەهێڵن نیاز و پلانە مەترسیدارەکانیان سەربگرێت.
پێویستە لێرەدا ئاماژە بەوە بدەین کە بە هۆی هەبوونی بۆشایی ئەمنی لە ناوچە جێناکۆکەکان و ناوچەکانی ماددەی 140 ( ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم)، هەروەها لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێم لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر، هەندێک لە گرووپە چەکدارەکان لەو ناوچانە هۆکاری ناسەقامگیرین و ڕێگريش دەکەن لەوەی هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی هەرێم ڕووبەڕووی بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان ببنەوە. بگرە بەداخەوە هەندێک لەو گرووپە چەکدارانە خۆیان بەشێکن لە بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان.
هەرچەندە لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەموو هەوڵەکانیان چڕ کردووەتەوە بۆ دەستگیرکردنی بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان کە لێرەدا بە گەرمی دەستخۆشیان لێ دەکەم و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم و هەموو پشتیوانییەکی خۆم و حکومەتی هەرێمی کوردستانیان بۆ دووپات دەکەمەوە لەم ئەرکە پیرۆزەدا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەهاوکاری هەموو چین و توێژو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی کوردستان و بە هاوکاری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کار بکات لە پێناوی ئەوەی سەرچاوەکانی ئەم پەتایە وشک بکات، چونکە ئەمە پێویستی بە هاوکاری و هەماهەنگیی هەموو لایەنەکان هەیە.
ئێمە لە حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکانمان پێکهێناوە کە ژمارەیەک وەزارەت و دامودەزگای پەیوەندیداری تێدایە، لە هەمان کاتدا، سندوقێکیش بۆ پەرەپێدان و شیاندن و چارەسەری تووشبووان و ئاڵوودەبووانی ماددەی هۆشبەر دروستکراوە.
لە لایەکی دیکەوە، لە پلانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ، بەشێک تایبەت کراوە بەو ڕاسپاردە نێودەوڵەتییانەی پەیوەستن بە بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و كارتێكەرە عەقڵییەكان. بەستنی ئەم کۆنفرانسەش، بەشێکە لە هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکانی ئەم پلانە، بە ئامانجی گرتنەبەری نەخشەڕێگایەک و خێراکردنی بەرەنگاربوونەوەی ئەو ئاڵنگاری و تەحەدیاتانەی کە ڕووبەڕووی هەرێم دەبنەوە لە ڕێگەی دانانی میکانیزمی گونجاو بۆ جێبەجێکردنی یاسا بەرکارەکان.
حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ شیاندنەوە و گەڕاندنەوەی ئەو کەسانەی تووشی بەکارهێنانی ماددەى هۆشبەر بوون بۆ نێو کۆمەڵگە، کاری کردووە، بۆ ئەم مەبەستەش هەوڵەکان بەردەوامن بۆ دروستکردنی سەنتەری شیاندنەوەی ئاڵوودەبووان و تووشبووان و دووبارە گەڕاندنەوەیان بۆ نێو کۆمەڵگە، داوا لە کەرتی تایبەتیش دەکەین کە هاوکار و یارمەتیدەری حکومەت بن لە هەوڵەکانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان و هاوکاریکردنی ئاڵوودەبووان بۆ چارەسەر و دووبارە شیاندنەوەیان.
بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان، تەنیا ئەركی حکومەت نییە، بەڵکو ئەرکێکی هاوبەشی هەموو لایەکمانە. لەم ڕووەوە داوا لە دایک و باوکان، ناوەندە پەروەردەیی و ئەکادیمی و ڕۆشنبیرییەکانمان، مامۆستایانی بەڕێزی ئایینی، دەزگاکانی ڕاگەیاندن، کەسایەتییە کاریگەرەکانی ناو سۆشیالمیدیا و هەموو هاونیشتمانيیان و خەمخۆرانی ئەم وڵاتە دەکەم، کە هاوکار و یارمەتیدەری حکومەت بن و هەر یەکێک لە پێگەی خۆیەوە، کار بۆ هۆشیاركردنەوەی کۆمەڵگە و بە تایبەتی گەنجەکانمان بکات و لە مەترسییە کوشندەکانی ئەم پەتایە ئاگاداریان بکاتەوە. پێویستە هەڵمەتێکی چڕو بەرفراوان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بازرگانیکردن و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەكان دەست پێ بکەین و ئەمەش پێويستی بە هەنگاوی خێرا و دڵسۆزانە و هەماهەنگی و کاری هاوبەش و پێکەوەیی هەموومان هەیە . .
لێرەدا دەمەوێ دووبارە جەخت لەوە بکەمەوە کە پێویستە ئێمە جیاوازی بکەین لە نێوان مافیا و بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان و ئەو کەسانەی کە دەبنە قوربانی و ئالوودەی ماددە هۆشبەرەکان دەکرێن، ئەوانەی بە هەر هۆیەک، تووشی ئەم بەڵایە دەبن، پێویستە هاوکار و یارمەتیدەریان بین بۆ چارەسەرکردنیان و دوورخستنەوەیان لەم ڕێگە مەترسیدارە، ئەمەش لە ڕێگەی کردنەوەی سەنتەری شیاندنەوە و چارەسەری ئاڵوودەبووان و تووشبووان. بەڵام لە هەمان کاتدا دووپاتی دەکەمەوە، نابێت بە هیچ شێوەیەک، هیچ کەمتەرخەمییەک لە بە سزا گەیاندنی تاوانباران و بازرگانانی ماددەی هۆشبەر بکرێت و دەبێت بە توندترین شێوە ڕووبەڕوویان ببینەوە.
جێی ئاماژەیە حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش پێویستی بە هاریکاری و پشتیوانی هەیە، بە تایبەتی ڕاوێژ و هاوکاری لۆجستیی ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوەکان کە پێشنیار دەکەم ستراتیژێکی گشتگیری هاوبەش هەبێت بۆ هاریکاریکردن و هەماهەنگیکردن لەگەڵ حکومەتی هەرێم، لەم ڕووەوە. لە ماوەی رابردووشدا رێوشوێنەکانی هەماهەنگی حکومەتمان لەگەڵ لایەنە نێودەوڵەتییەکان چڕتر کردووە بەتایبەتی لەگەڵ نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت بە رووبەڕووبوونەوەی تاوانی رێکخراو و ماددە هۆشبەرەکان و بازرگانیکردن بە مرۆڤ (UNODC) .
هەروەها پێویستە لە بواری یاساییشەوە، هاوکاری حکومەت بکرێت بۆ پەرەپێدانی توانای دادوەر و لێکۆڵەرانی هەرێمی کوردستان لە بابەتی مامەڵەکردن لەگەڵ بازرگانان و ئالوودەبووانی ماددە هۆشبەرەکان و هەروەها سوود وەرگرتن لە ئەزموونی ڕێکخراوەکان و وڵاتان بەتایبەتی ئەوانەی شارەزاییان لەو بوارەدا هەیە، بۆ ئەوەی بە هەوڵی هەموو لایەکمان، بتوانین مەترسی و کاریگەرییەکانی لەسەر کۆمەڵگاکەمان کەم بکەینەوە.

هیوادارین ئەم کۆنفرانسە، هاندەرێک بێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی زیاتری ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقلییەکان لەسەر هەموو ئاستەکان، هەروەها هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی پلانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ پتەوتر بکات بۆ ئەوەی رێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان خێراتر بکرێن لە پێناو پاراستنی کۆمەڵگاکەمان لەم دیاردە ترسناکە.

ئیتر هەر شاد و سەرکەوتوو بن و کوردستان هەر ئاوەدان و پارێزراو بێت.