Skip to the content

سەرۆکی حکومەت لە ئاهەنگی دەرچووانی زانکۆی کوردستان-هەولێر: گەنجەکانمان گەورەترین سەرمایەی کوردستانن

ئەمڕۆ پێنجشەممە 10/19، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاهەنگی دەرچووانی زانکۆی کوردستان لە شاری هەولێر بەڕێوە چوو.
سەرۆکی حکومەت لە ڕێورەسمەكه‌دا گوتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا وێڕای پیرۆزبایی لە دەرچووانی زانکۆی کوردستان-هەولێر، سوپاسی مامۆستایانیشی کرد کە بەردەوامبوون لەوەی خوێندن نەوەستێت وخونەویستانە ئەرکی خۆیان بە جێ گەیاندووە. گوتیشی مامۆستایان هەقی خۆیەتی مووچەکانیان لە سەری مانگدا بۆیان دابینبکرێت، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان هۆکار نییە لە دواخستنی مووچەی مامۆستایان و ئەوان تەنیا نین لەوەی کە مووچەکانیان دواکەوتووە. هەموو بەشەکانی تریش و هەموو فەرمانبەرانی تری حکومەت بەداخەوە مووچەکانیان دواکەوتووە. هەموو هەوڵێکمان داوە و بەردەوامیش دەبین کە مافی مامۆستایان و هیچ فەرمانبەرێکی تری هەرێمی کوردستان نەفەوتێت. کاری باشیشمان کردووە و هەنگاوی باشیشمان هاوێشتووە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی چارەسەر بکرێت.
 
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان مامۆستایانی دڵنیا کردەوە کە حکومەتی هەرێم پابەندە بەوەی نەهێڵێ مافی مامۆستايان بفەوتێ. ئەو مووچانەی دواکەوتوون قەرەبوودەکرێنەوە. بەڵام خوێندن قەرەبوو ناکرێتەوە. ئەو قوتابییانەی ئەو ماوەیە هەمووی بێبەشبوون و نەیانتوانیوە بچنە قوتابخانە، چۆن قەرەبووی ئەو خوێندنە دەکرێتەوە. بۆیە داوا دەکەم کە ئەرک و بەرپرسیاريیەتی خۆیان بە جێ بگەیەنن و لە خزمەتکردنی گەل و نیشتمانەکەیان بەردەوام بن و نەهێڵن پرۆسەی خوێندن بوەستێت.

لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا، سەرۆکی حکومەت دووپاتیکردەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە گرنگی و بایەخێکی زۆر بە کەرتی پەروەردە و خوێندن دەدات و دەیەوێ لەم ڕێگەیەوە پەرە بە تواناکانی بەنرخترین سەرمایەی کوردستان بدات کە ئەویش گەنجەکانمانن .
لەمبارەیەوە سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوە دا کە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە گرنگیدان بە پەروەردە لە کارە لەپێشینەکانی بووە. پابەندین بە کارکردن و هاوکاریکردنی گەنجەکانمان کە گەورەترین سەرمایەی ئێمەن. هەرێمی کوردستان لەسەر ڕێگەی بوون بە نەتەوەیەکی پڕ زانست و زانیارییە؛ نەتەوەیەک بیرۆکە و داهێنەرەکانی داهاتوو بەرهەم دەهێنێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا و ئاسایشی خۆراک و هەژاری؛ هەروەها وەبەرهێنان دەکات لە تەکنەلۆجیا و دەستپێکی دیجیتاڵی لە ڕێگەی وەبەرهێنانی گشتی و تایبەتەوە؛ ڕۆڵی خۆی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دەگێڕێت بۆ پێشخستنی پرسە جیهانییەکان.

سەرۆکی حکومەت ڕوونیکردەوە کە لە ماوەی ڕابردوودا کارمان لەسەر هەمەجۆرکردنی ئابووری و گرنگیدان بە کەرتەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی کردووە و بەرهەمە کشتوکاڵییەکانمان هەناردەی دەرەوە کردوون. هەروەها لە کارکردنمان بەردەوامین لە بواری بەدیجتاڵکردنی ئابووری و خزمەتگوزارییەکان و کاراکردنی کەرتی بانکی و بەستنەوەی بە بازاڕی جیهانی. بەم هۆیەشەوە دەرفەتی کارکردن لەبەردەم دەرچووان دەکرێتەوە بۆ ئەوەی لەم بوارانەدا هاوکارمان بن.

لە کۆتایی گوتارەکەیدا، سەرۆکی حکومەت چەند پەیامێکی بە قوتابيیە دەرچووەکان گەیاند و گوتی: وەک کوردستانی گەشتەکەت لێرەوە دەست پێدەکات. لە باوەشی بگرە و لە ئاسۆ مەترسە، بەڵام هەرگیز لەبیرت نەچێت لە کوێوە هاتوویت. هەر یەکێک لە ئێوە مافی ئەوەی بەدەستهێناوە کە جیاوازییەک دروست بکات. بۆ پێشەوە برۆن و سەرفراز بن.