Skip to the content

سەرۆکی حکومەت لە ڕێورەسمی کردنەوەى قوتابخانە و باخچەی منداڵانی ماجیدی: سوپاسی مامۆستایانی كوردستان دەکەم کە بەردەوامن لە بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیان

ئەمڕۆ چوارشەممە 10/25، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان قوتابخانە و باخچەی منداڵانی ماجیدی لە هیوا سیتی لە شاری هەولێر کردەوە.
سەرۆکی حکومەت لە گوتارێکدا وێڕای دەستخۆشی لە وەبەرهێنەر ئەحمەد ماجیدی بۆ دروستکردنی ئەم قوتابخانە و باخچەیە کە بە شێوەیەکی زۆر پێشکەوتوو و هاوچەرخ دروستکراون. گوتیشی حکومەت هەرچی لە توانایدا بێت دەیکات بۆ گرنگیدانی زیاتر بە قوتابخانەکان و کەرتی پەروەردە و خوێندن بە گشتی.


ئەمەش دەقی وتاری سەرۆكی حکومەتی هەرێمی كوردستانە:
بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان
مامۆستایانی بەڕێز
قوتابییانی خۆشەویست

بە ڕاستی زۆر خۆشحاڵم كە ئەمڕۆ ئەم قوتابخانە ڕێك و پێكەمان کردەوە، جێی دەستخۆشییە و لێتان پیرۆز بێ و هیوادارم شتی وا زۆرتر بكرێ و قوتابییە خۆشەویستەكانمان لە هەموو شار و شارۆچكەكانی كوردستان، بتوانن خاوەنی قوتابخانەیەكی وا ڕێك و پێك بن. جێی خۆیەتی لێرە زۆر سوپاسی كاك ئەحمەد ماجیدی بكەم بۆ دروستكردنی ئەم قوتابخانە ڕێك و پێكە، كە تەكنەلۆژیای نوێی تێدا بەكار هاتووە و بە شێوازێكی زۆر جوان پۆلەكان دروست كراون و ئەو پێویستییانەی كە قوتابی دەیەوێت، بۆیان دابین كراوە. هیوادارم نموونەی کاک ئەحمەد زۆر بێت.
زۆر سوپاسی مامۆستا بەڕێزەكان دەكەم كە ئەوانیش بەردەوامن لە فێركردنی قوتابییە خۆشەویستەكانمان.
دەزانم كە قوتابخانە شوێنێكە پێویستە زۆر گونجاو بێت، كەشێكی وای تێدا بێت كە قوتابی هەست بە ئارامی بكات. ئه‌ركى قوتابخانه‌ ته‌نيا فێركردنی خوێندن نییە، بەڵكوو پەروەردەكردنیشە. كە قوتابی دێتە قوتابخانە دەبێ فێری ئەوە بێت كە دواتر چۆن لە ژیاندا مامەڵە لەگەڵ گرفتەكانی ڕۆژگار بكات. یەكەم وانە لە مامۆستاكەی فێر دەبێت، بۆیە ئەوەی لەسەر حكومەتە، پێویستە كەشێكی گونجاو، و قوتابخانەی ڕێك و پێك بۆ قوتابییە خۆشەویستەكان دروست بكات.

دەزانم كەموكورتیمان لە زۆر شوێن هەیە، بەڵام ئەوەی حكومەت لەسەریەتی و لە توانایدایە، بەردەوام دەبێت لەوەی كە قوتابخانەی نوێ دروست بكەین یان ئەو قوتابخانانەی كە هەن، نۆژەنیان بكەینەوە. تا ئێستاش زۆر لەو قوتابخانانە نۆژەنكراونەتەوە و هەندێك قوتابخانەی نوێش دروست كراون، بەڵام ئێمە پێویستیمان بە زۆر قوتابخانەی زیاتر هەیە لەسەر ئاستی هەموو كوردستان و لەم ڕووەوە بەردەوام دەبین.

هەروەها لە بابەتی چاکسازی لە كەرتی پەروەردە، ئەم كابینەیە كاری زۆری كردووە. لێرە جێی خۆیەتی من سوپاسێكی تایبەتی وەزیری پەروەردە دكتۆر ئالان حەمە سەعید بكەم كە بەڕاستی نموونەی وەزیری سەركەوتوو بووە لەم كابینەیە و هەموو ئەركەكانی خۆی بە ئەمانەتەوە جێبەجێ كردووە و بەردەوامە لەوەی خزمەتی كەرتی پەروەردە و قوتابیيان و مامۆستایان بكات. من سوپاسی جەنابی وەزیر و هەموو ستاف و ئەو بەڕێوەبەرانە دەكەم كە لە وەزارەت ئەم ئەركەیان هەڵگرتووە و بەردەوامن و بە ئەمانەتەوە ئەركەكەی خۆیان جێبەجێ دەكەن.

هەروەها سوپاسی هەموو ئەو مامۆستا بەڕێزانە دەكەم كە بەردەوامن لە فێركردنی قوتابییە خۆشەویستەكان. دەزانم كە دۆخی ژیانیان سەختە و ئاسان نەبووە، بە تایبەتی ئەم ماوەیەی ڕابردوو كە بابەتی مووچە بووەته‌ بابەتێكی سەرەكیی، بە تایبەتی ئەوانەی كە جگە لە مووچە، هیچ داهاتێكی تریان بۆ بژێویی ژیانی خۆیان نییە. بەڵام مامۆستاكان بە لەخۆبردوویی هاتوون وانە دەڵێنەوە، من سوپاسی هەموو ئەو مامۆستا بەڕێزانە دەكەم.

ئەو مامۆستا بەڕێزانەی تریش كە تاكوو ئێستا نەیانتوانیوە بەردەوام بن لە خوێندن و داوای مافەكانی خۆیان دەكەن، من لێرە دەمەوێ پاڵپشتیی خۆم بۆ ئەو مامۆستایانە دەربڕم. منیش دەنگی خۆم دەخەمە پاڵ دەنگی ئەوان كە پێویستە هەموو ماف و شایستە داراییەكانی ئەوان دابین بكرێت. بەڵام پێویستە ڕووی ڕەخنەكانمان لەو لایە بێت كە هۆكارە بۆ بڕین یان دواخستنی مووچەكانیان. حكومەتی هەرێم هۆكار نییە، حكومەتی هەرێم زۆر بە پەرۆشە بۆ ئەوەی بە زووترین كات مووچەكانیان بۆ دابین بكات، بەردەوامیش دەبین بۆ ئەوەی داوای ئەو مافەی مامۆستایان و هەموو فەرمانبەرانی تری خەڵكی كوردستان بكەین.

بەداخەوە هەندێك لایەن لەوانەیە سواری شەپۆلەكە بووبن و یاری بە هەستی مامۆستا بكەن. ئەوانەی كە ئێستا هانی مامۆستایان دەدەن كە نەیەنەوە بۆ پۆلەكان و قوتابخانەكان، دەیانەوێ تۆڵەی ئەوانەی مووچەكانیان بڕیوە لە قوتابییەكان بكەنەوە كە ئەمە بەهیچ جۆرێك شیاو نییە. قوتابی یەكەم وانە كە لە مامۆستا فێر دەبێت، وانەی كۆڵنەدان و بەردەوامبوونە، دەبێ یارمەتی یەكتر بدەین بۆ ئەوەی قوتابیيانی ئێمە لە سەرەتاوە فێری خۆشەویستی بن، فێری كۆڵنەدان و بەردەوامبوون و خۆڕاگریی بن، فێری ئەوە بن كە چۆن لە ژیاندا پێویستە بە سەربەرزی بمێننەوە و بە هیچ جۆرێك كۆڵ نەدەن بۆ هیچ لەو گرفتانەی كە دێنه‌ ژیانی ڕۆژانەیان.
من لێرە داوا لە هەموو لایەنە سیاسییەكان دەكەم، با ئەوانیش بێن لەگەڵ ئێمە داوای مافی مامۆستایان و هەموو مافەكانی خەڵكی كوردستان بكەن لەو شوێنەی كە مافەكانیان پێشێل كردووین. حكومەتی هەرێم حكومەتی ئێوەیە، شتێك نییە جیاواز بێت لە ئێوە، لە خزمەتی ئێوەدایە و بەردەوامیش دەبین. دڵنیاشتان دەكەینەوە كە بەهیچ شێوەیەك رێگە نادەین مافی هیچ مامۆستایەك بفەوتێت. هەموویان قەرەبوو دەكرێنەوە، پێش ماوەیەكیش گوتم كە تەنیا ئەوەی قەرەبوو نەكرێتەوە خوێندنی منداڵانە كە هیوادارم مامۆستا بەڕێزەكان بگەڕێنەوە بۆ قوتابخانەكان و لەگەڵ قوتابییە خۆشەویستەكان بەردەوام بن لە وانەگوتنەوە و پەروەردەكردنی قوتابی لەسەر بنەمایەكی تەندروست.

جارێكی تر سوپاسی هەمووتان دەكەم، پیرۆزبایی ئەم قوتابخانە جوانەتان لێ دەكەم، هیوادارم هەمووتان سەركەوتوو بن و پلەی باشیش بەدەست بهێنن. زۆر سوپاسی مامۆستایانی بەڕێز دەكەم. دەستتان خۆش بێت.