Skip to the content

سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە سەرۆکی ڕەوتی نیشتمانیی حیکمە دەکات

ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 10/9، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە عەممار ئەلحەکیم سەرۆکی ڕەوتی نیشتمانیی حیکمە کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی دۆخی عێراق و ناوچەکە و پێویستی و گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ کرا.
سەرۆکی حکومەت جەختی کردەوە کە ئەگەر نیازپاکی هەبێت، چارەسەرکردنی سەرجەم کێشەکان سەخت نین. دووپاتیشی کردەوە کە پێویستە وەکوو قەوارەیەکی دەستووری و فیدراڵی و لە چوارچێوەی دەستووردا، مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکرێت.

سەرۆکی ڕەوتی نیشتمانیی حیکمە، ئاماژەی بەوە دا کە سەردانی ئەم دواییەی سەرۆکی حکومەت بۆ بەغدا، ڕۆڵێکی گرنگ و ئەرێنی لە ڕوونکردنەوەی بابەتەکانی پەیوەندیدار بە کێشەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدرال هەبوو، گوتیشی ئێستا دەرفەتێکی باش بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە ڕێگەی گفتوگۆ و بەهێزکردنی متمانە و لەسەر بنەمای ڕێککەوتنەکان و دەستوور هەیە.