Skip to the content

سەرۆکی حکومەت: کار دەکەین بۆ ئەوەی بە هاوكاری نێوان هەردوو كەرتی گشتی و تایبەت پێداویستییەكانی ناوخۆی هەرێمی كوردستان دابین بكەین

ئەمڕۆ سێشەممە 10/31، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کارگەی پاکەت و کارتۆن (پەکێجینگ)ی کۆمپانیای فابیاب لە هەولێر کردەوە.
سەرۆکی حکومەت بەشەکانی کارگە و کۆمپانیاکەی بەسەر کردەوە کە تایبەتە بە خزمەتگوزاری دروستکردنی کارتۆن و بەرگگرتن و ئۆفسێت لە گوتەیەکدا دەستخۆشی لە خاوەن و کارمەندانی کارگەکە کرد کە بە شێوازێکی زۆر پێشکەوتوو دامەزراوە و نوێترین ئامێر و تەکنەلۆژیای تێدا بەکار هاتووە. سەرۆکی حکومەت هەروەها گوتی جێی دڵخۆشییە كە دەبینین لە كوردستان كەرتی پیشەسازی بەرەو پێشەوە دەچێت، ئەمەش دەتوانێت یارمەتیدەرێكی زۆر بێت بۆ پشتیوانیكردنی كەرتی كشتوكاڵی كە ماوەیەكە ئێمە توانیومانە بەروبوومی جووتیاران، و بەروبوومی ناوخۆی هەرێمی كوردستان هەناردەی دەرەوە بكەین.


ئەمەش دەقی گوتەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە:
بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
زۆر خۆشحاڵم ئەمڕۆ ئێمە لێرەین بۆ كردنەوەی ئەم كارگەیە كە كارگەی دروستكردنی كارتۆن و بەرگگرتن و ئۆفسێت و كاری كاغەزە، كە بە شێوەیەكی زۆر پێشكەوتوو، بە ئامراز و تەكنەلۆژیای پێشكەوتوو دانراوە، جێی دەستخۆشییە و من دەستخۆشی لە ئێوەی بەڕێز دەكەم كە ئەم كارەتان كردووە.
بەڕاستی جێی دڵخۆشییە كە دەبینین لە كوردستان كەرتی پیشەسازی بەرەو پێشەوە دەچێت، ئەمە دەتوانێت یارمەتیدەرێكی زۆر بێت بۆ پشتیوانیكردنی كەرتی كشتوكاڵی كە ماوەیەكە ئێمە توانیومانە بەروبوومی جووتیاران، بەروبوومی ناوخۆی هەرێمی كوردستان هەناردەی دەرەوە بكەین، ئەم جۆرە كارانە یارمەتیدەرێكی زۆر دەبن بۆ پەكێجینگ و بەرگگرتن و ئەو شتانەی كە پێویستن بۆ ئەوەی وەكوو براندی كوردستانی، ئێمە بتوانین بەروبوومەكانی خۆمان هەناردەی دەرەوە بكەین.
بەروبوومەكانی ئێمە تام و چێژێكی تایبەتیان هەیە و داواکاری زۆریشيان لەسەرە، ئەوەی ماوەتەوە ئەمەیە كە بە شێوەیەكی جوان و ڕێكوپێك، بەرگی بۆ دروست بكرێ و پاكێجینگی بۆ بكرێ و بتوانین هەناردەی دەرێی بكەین. ئەم جۆرە كارگانە زۆر زۆر دەتوانن یارمەتیدەر بن بۆ ئەوەی ئەم كارەیە بكەین. وابزانم یاداشتنامەی لێكتێگەیشتنیشیان لەگەڵ وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی كوردستان هەیە كە ئەمە یارمەتیدەرێكی زۆرە هەم بۆ بەروبوومەكانی ناوخۆی هەرێمی كوردستان، یارمەتیدانی حكومەتی هەرێمی كوردستان. بە پێچەوانەشەوە حكومەتی هەرێمی كوردستانیش بەم شێوەیە زۆر زۆر زیاتر دەتوانێت یارمەتی كەرتی تایبەت و پیشەسازی بدات.
ئێمە مەبەستمانە لە كوردستان بتوانین هەموو پێداویستییەكانی خۆمان، ئەوەی پێمان بكرێ لە ناو خودی كوردستانەوە دروستی بكەین، ئەمە هەلی كاریش بۆ خەڵكێكی زۆر دروست دەكات. ئەوەی بیستم لێرە بە سەدان هەلی كاری نوێ لەم كارگەیە دروست كراوە كە ئەمە جێی ئومێد و دڵخۆشی زۆرە. ئەوەی لەسەر حكومەتیشە ئێمە ئاسانكاری و پشتیوانی بكەین و یارمەتی كەرتی تایبەت بدەین. ئومێدیشمان وایە كە بە هاوكاریی حكومەت و كەرتی گشتی لەگەڵ كەرتی تایبەت، بتوانین هەموو پێداویستییەكانی هەرێمی كوردستان دابین بكەین و ڕۆژ بە ڕۆژیش كوردستان بەرەو پێشەوە بەرین.
ئێوەش هەر شاد و سەرفراز بن.