Skip to the content

سەرۆکی حکومەت: کاردەکەین لەپێناو ڕێکخستنەوە و گەشەپێدانی سیستەمی تەندروستیى گشتی و بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەکان کە زیاتر جێگەی متمانەی هاووڵاتییان بێت

ئەمڕۆ پێنجشەممە 10/19، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاهەنگی دەرچووانی پسپۆڕییە پزیشکییەکان( بۆردی کوردستانی) لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو.
سەرۆکی حکومەت لە گوتارێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە پزیشکی، پیشەیەکی یەکجار پیرۆزە، هیوادارم پزیشکانی کوردستان لە ئاست پیرۆزی و گەورەیی ئەرک و پیشەکەیان و سوێندخواردنەکەیاندا بن. گوتیشی کە شاراوە نییە کەرتی تەندروستی لە کوردستان، وەک هەموو کەرتەکانی تر، بەدەر نییە لە ڕەخنە و گلەیی، بۆیە لەسەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم، دەستمان بە پرۆسەیەکی فراوانی چاکسازی لە بواری تەندروستیدا کرد.

ئەمەش دەقی گوتاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە:

بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان
ئامادەبووانی هێژا:
میوانانی بەڕێز:

ئەم کاتەتان باش

بەختەوەرم ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوە بەشدارم لە ئاهەنگی دەرچووان و ڕاهێنراوانی ئەنجومەنی باڵای کوردستان بۆ  پسپۆڕە پزيشکیيەکان، پیرۆزباییەکی گەرم لە گشت دەرچووان و ڕاهێنراوان دەکەم و هیوای سەرکەوتن و پێشکەوتنی زیاترتان بۆ دەخوازم.
دەستخۆشی لە ئەنجومەنی باڵای کوردستان بۆ پسپۆڕییە پزيشکیيەکان دەکەم کە وەک دەزگایەکی فێرکاری و ڕاهێنان لەبواری پزیشکی کار دەکات لەپێناو پەرەپێدانی خوێندن و پسپۆڕی و پیشەی پزیشکی و ئەنجامدانی توێژینەوە و کارکردن بۆ بەدەستهێنانی متمانەی ناوەندە پزیشکییە نێودەوڵەتییەکان.
هەروەها دەستخۆشی لە توێژەرە بەڕێزەکان دەکەم بۆ ئەو توێژینەوە گرنگانەی لە بواری پزیشکی و تەندروستیدا ئەنجامیان داوە و ئەمڕۆ کورتەیەکیان خستەڕوو. هیوادارم ئەم توێژینەوانە سوودیان لێ وەربگیرێت و ببنە هۆی دۆزینەوەی چارەسەر بۆ نەخۆشییەکان و باشتربوونی سیستەمی تەندروستیمان بەگشتی.
ڕێز و پێزانینم بۆ ئەنجومەنی پزیشکی ئوردنی هەیە، کە متمانە و باوەڕی خۆیان  بە پرۆگرام و سەنتەرەکانی ئەنجومەنی باڵای کوردستان بەخشیوە. خۆشحاڵین بەو هاوکاری و هەماهەنگییە بەهێزەی لە نێوان هەرێمی کوردستان و شانشینی ئوردندا هەیە، بەتایبەتی لە بواری تەندروستیدا. ئێمە هەمیشە شانازی بە پەیوەندیی مێژوویی و دۆستانە و تایبەتیى نێوان هەرێمی کوردستان و شانشینی هاشمی ئوردنی بە ڕێبەرایەتی خاوەنشکۆ شا عەبدوڵڵای دووەم دەکەین کە لە قۆناخە جیاوازەکاندا پشتیوانی هەرێمی کوردستان بوون .

بەڕێزان:
پزیشکی، پیشەیەکی یەکجار پیرۆزە، هیوادارم پزیشکانی کوردستان لە ئاست پیرۆزی و گەورەیی ئەرک و پیشەکەیان و سوێندخواردنەکەیاندا بن. پزیشکیی، بەر لە هەر شتێک، ئەرکێکی مرۆڤانەیە و پێویستە ئامانجەکەی ڕزگارکردنی ژیانی خەڵک و پاراستنی تەندروستییان بێت. بۆیە ئومێدەوارم هەمیشە، لایەنى مرۆیی و ئینسانی پیشەکەتان لەبەر چاو بێت.
بێگومان فێربوون کۆتایی نایەت، چونکە پرۆسەیەکی بەردەوامە و مرۆڤ بە گشتی و لە قۆناخە جیاوازەکانی ژیانیدا، پێویستە بەردەوام بێ لە هەوڵی گەڕان بەدوای زانست و زانیاری و فێربووندا. بەتایبەتیش بواری پزیشکیی و تەندروستی وەک زۆر بواری دیکە، لە پێشکەوتنی بەردەوامدایە، بۆیە دەبێ ئێوەش، هەمیشە لە هەوڵی بەردەوام و بێ وچاندا بن لە پێناو بەدەستهێنانی زانیاری نوێ و ئەنجامدانی توێژینەوەی گرنگ و زانستی، بۆ ئەوەی بتوانن زیاتر خزمەتی خەڵک و کۆمەڵگەی خۆتان و مرۆڤایەتی بە گشتی بکەن. هیوادارم سوودێکی زیاتر لە بواری تەکنەلۆجیای زانستی Bio Technology وەربگیرێت کە ئاسانکاری زۆر و هاوکاری زۆرتری پزیشکەکان دەکات.

شاراوە نییە کەرتی تەندروستی لە کوردستان، وەک هەموو کەرتەکانی تر، بەدەر نییە لە ڕەخنە و گلەیی، بۆیە لەسەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم، دەستمان بە پرۆسەیەکی فراوانی چاکسازی لە بواری تەندروستیدا کرد کە تا ئێستاش بەردەوامە، چونکە هێشتا زۆر شت ماون ئەنجامیان بدەین. هەر بۆ نموونە یەکێک لە چاکسازییەکانمان، دەرچوونی یاسایەکی گرنگی پەیوەندیدار بە بواری تەندروستیى گشتی بوو، کە یاسای ماف و ئەرکەکانی نەخۆشە لە هەرێمی کوردستان کە لە ساڵی 2020 لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە پەسەند کرا.
چاکسازی پرۆسەیەکی بەردەوامە و کاتی دەوێت، هەروەها پێویستی بە هەماهەنگی و هاریکاری هەموومان هەیە، بەتایبەتی پزیشکان و پسپۆڕانی بواری تەندروستی، بۆ ئەوەی بە هەوڵی هەموو لایەک بتوانین سیستەمی ته‌ندروستیى  گشتی باش بکەین و خزمەتگوزاریی ته‌ندروستی، بە شێوەیەکی باشتر بە هاووڵاتییانمان بگەیەنین.

حکومەتی هەرێمی كوردستان خەرجیيەکی زۆر لە بواری تەندروستیى گشتی و دامەزراوە تەندروستییەکان دەکات و کاردەکەین لەپێناو باشترکردنی کوالێتی ئەو خزمەتگوزارییانە و ڕێکخستنەوە و گەشەپێدانی سیستەمی تەندروستيی گشتی و بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەکان بە شێوەیەک کە جێگەی متمانەی زیاتری هاووڵاتییان بێت.
جارێکی دیکەش پیرۆزبایی لە دەرچووان و ڕاهێنراوان و توێژەران دەکەم و هیوای پێشکەوتن و بەردەوامیی بۆ ئێوە و ئەنجومەنی باڵای کوردستان بۆ  پسپۆڕييە پزيشکیيەکان دەخوازم .
هیوادارم هەمیشە سەرکەوتوو بن و کوردستانیشمان هەر پارێزرا و ئاوەدان بێت .