Skip to the content

سەرۆکی حکومەت کارگەی دووبارە بەکارهێنانەوەی تێکەڵەی قیڕی کۆن لە هەولێر دەکاتەوە

ئەمڕۆ سێشەممە 10/17 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کارگەیەکی دووبارە بەکارهێنانەوەی تێکەڵەی قیڕی کۆنى لە هەولێر کردەوە. کە بە پێی پێوه‌ر و ستانداردە پێشکەوتوو و سەردەمییەکان و ژینگەپارێزی دروستکراوە و یەکەم پڕۆژەی لەم جۆرەیە لە سەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان.
سەرۆکی حکومەت لە گوتەیەکدا ڕایگەیاند کە ئەم پڕۆژەیە، یەکێکە لەو پڕۆژانەی لە چوارچێوەی بەرنامەکانی حکومەت لە پێناو ژینگەپارێزی و چاکسازی ئابووری ئەنجام دەدرێت. گوتیشی ئەمە پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بە ژینگەپارێزی، چونکە تا ئێستا قیڕی کۆنی هەڵکەنراو، تێکەڵ بە ژینگە دەکرا، بەڵام لە ئه‌مڕۆ بەدواوە پێویستە قیڕی هەڵکەندراو کۆبکرێتەوە و تێکەڵ بە ژینگە نەکرێت بەڵکو لەڕێگەی پڕۆژەی لەم جۆرەوه‌، قیڕی هەڵکەندراو لە سەرجەم کارگەکانی قیڕی حکومی و تایبەت، دووبارە بەکاربهێنرێتەوە و ڕیسایکل بکرێ و تێکەڵی ژینگە نەکرێتەوە و سەرەنجام ژینگە پیس نەکات ، ئەمەش بێگومان لەڕووی ئابووریشەوە سوودی دەبێت.
سەرۆکی حکومەت ڕوونیکردەوە ئەمە دەستپێکە بۆ ئەوەی بتوانین کارگەی هاوشێوە لە هەموو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دروست بکەین. داوا لە کەرتی تایبەت دەکەین ئەوانیش پڕۆژەی هاوشێوە دروستبکەن، تاکوو زیاتر بتوانین سوود لەو کەره‌ستانەی پێشتر فڕێدەدران وەربگرین. حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بەرنامەی هەیە کە لە هەموو ڕوویه‌کەوە پەرە بە کولتووری  ژینگەپارێزی بدات.