Skip to the content

سه‌رۆكی حکومەت پێشوازى له‌ نوێنه‌رى تایبه‌تیی سكرتێرى گشتيى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق دەکات

ئەمڕۆ سێشەممە 4/2، مەسرور بارزانى، سه‌رۆكى حکومەتی هه‌رێمى كوردستان، پێشوازی لە جينين پلاسخارت، نوێنه‌رى تایبه‌تیی سكرتێرى گشتيى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق کرد.

بابەتی سەرەکیی کۆبوونەوەکە، گرنگیی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بوو. سەرۆکی حکومەت وێڕای دووپاتکردنەوەی پشتیوانیی خۆی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، ئاماژەی بەوە دا کە پێویستە هەڵبژاردن لە بارودۆخێکی ئاسایی و یاسایی و دوور لە پێشێلکاریی دەستووری و دەستوەردان و دیزاینی پێشوەختە ئەنجام بدرێت و ڕێز لە قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان و مافەکانی پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکانی کوردستانیش بگیرێت.
سەرۆکی حکومەت هەروەها جەختی لە گرنگیی ڕۆڵی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە چاودێریکردنی پرۆسەی هەڵبژاردن کردەوە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی پاک و بێگەرد بەڕێوە بچێت.
هەردوولا هاوڕابوون لەسەر نەهێشتنی کێشە و گرفتەکانی بەردەم هەڵبژاردن و گەیشتنی لایەنەکان بە چارەسەر لە پێناو پاراستنی پرۆسەی دیموکراسی و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان.