Skip to the content

سەرۆکی حکومەت: پێویستە سنوورێک بۆ هێرشەکانی سه‌ر کۆرمۆر دابنرێت

ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 4/26 ، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا، بە توندی هێرشکردنە سەر کێڵگەی کۆرمۆری سەرکۆنە کرد کە بووە هۆی گیان لە دەستدان و برینداربوونی چەندین کارمەندی کێڵگەکە.

ئەمەش دەقی پەیامەکەیە:

بە توندی سەرکۆنەی هێرشە تیرۆریستییەکەی ئەمشەو بۆ سەر كۆرمۆر دەکەم. سەرەخۆشی لە کەسوکاری ئەو چوار هاووڵاتییە سڤیلە دەکەم کە گیانیان لەدەستدا، هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازم. وەزارەتی تەندروستیم ڕاسپاردووە کە هەموو هاوکاری و پاڵپشتییەکی پێویست پێشکەش بکات.
داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکەم کە بە شێوەیەکی جیددی لێکۆڵینەوە بکات و لێپرسینەوە لە ئەنجامدەران بکات و دڵنیایی بە خەڵکی هەرێمی کوردستان بدات. بەپێی زانیاریی سەرەتایی، ئەم هێرشانە لە ناوچەیەکی نزیک لەناو خاکی عێراقەوە ئەنجام دەدرێن.
چاوەڕوانی ڕێکاری خێرا لە بەغدا دەکەین بۆ ئەوەی ڕێگە نەدات ئەم جۆرە هێرشانە ببنە مایەی هەڕەشە بۆ ئێمە. دەبێت کۆنتڕۆڵی ئەو گرووپە چەکدارییە نایاساییانە بکات کە زیان بە هەموومان دەگەیەنن.
هێرشکردنە سەر ناوەندەکانی وزە کە کارەبا دەدەنە ملیۆنان ماڵ لە هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی عێراق، هیچ پاساوێک هەڵناگرێت. هەروەها هەوڵەکانی هەولێر و بەغدا بۆ پەرەپێدانی سێکتەری وزە تێکدەدات. ئەم هێرشانە بەردەوام دووبارە دەبنەوە و بە تاوانی جەنگ دادەنرێن.
ئامادەین لەگەڵ بەغدا هەماهەنگی بکەین بۆ ئەوەی سنوورێک بۆ ئەم هێرشانە دابنرێت.