Skip to the content

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشداری لە لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان لە دوبەی دەکات

ئەمڕۆ یەکشەممە 2/11 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتیی شاندێکی حکومەت بەرەو دەوڵەتی ئیمارات بەڕێ کەوت بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان کە لە ڕۆژانی 12-14 /2 لە شاری دوبەی بەڕێوە دەچێت.

سەرۆکی حکومەت بە بانگهێشتی تایبەتیی شێخ محەمەد بن ڕاشد ئال مەکتووم، جێگری سەرۆک دەوڵەتی ئیمارات و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و حاکمی میرنشینی دوبەی، بەشداری لە لوتکەکەدا دەکات. کە بڕیارە گوتارێکیش لە لوتکەکە بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە سەرۆک و سەرۆکوەزیران و بەرپرسانی باڵای جیهان پێشکەش بکات.
سەرۆکی حکومەت هەروەها لە پەراوێزی لوتکەکەدا، چەندین دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسان و بیرمەندان و خاوەنکارانی عەرەبی و هەرێمی و جیهانی دەبێت .