Skip to the content

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان له‌گەڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا‌ کۆبووەوە

ئەمڕۆ دووشەممە 2/26، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە واشنتن، لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەیەکی دۆستانەدا، گفتوگۆ لەبارەی چەندین تەوەری جێی بایەخی هاوبەش و پەیوەندیدار بە پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ کرا.

لە دەستپێکی کۆبوونەوەدا، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، ئاماژەی بە پێگەی گرنگی هەرێمی کوردستان کرد وەک هاوبەشێکی جێی بایەخی ئەمەریکا، جەختیشی لەوە کردەوە کە هاوبەشیمان لەسەر بنەمای بەهای هاوبەش، بەرژەوەندیی هاوبەش و پێکەوە قوربانیدانی هاوبەش بنیاتنراوە.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، خۆشحاڵی خۆی بەرانبەر سەردانی سەرۆکی حکومەت و دیدارەکانی لە واشنتن نیشان دا و پشتیوانیی ئەمەریکاشی بۆ پاراستنی ئاسایش و ئارامی و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی فیدرالی لە چوارچێوەی عێراقدا نیشان دا.
سەرۆکی حکومەت سوپاسی پشتیوانیی بەردەوامیی ئەمەریکای لە هەرێمی کوردستان کرد و دووپاتی کردەوە کە وەک هاوبەشێکی ئەمەریکا، پێكەوە چەندین قۆناغی سەختمان تێپەڕاندوون و بە هیواین بەیەکەوە ڕووبەڕووی ئاستەنگ و ئاڵنگارییە نوێیەکان ببینەوە.
پاراستنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، چارەسەرکردنی کێشەکانی بودجە و دابینکردنی شایستە دارایی و مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کورستان و ڕێزگرتن لە سیستەمی فیدراڵی و قەوارەی دەستووریی هەرێم و پاراستنی مافی پيکهاتەکانی کوردستان و دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال و دەرچوونی میلیشیاکان لە دەڤەرەکە، تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە بوون.
هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە بڕیاڕەکانی دادگای فیدراڵی و هەنگاوەکانی دژی هەرێم و سیستەمی فیدراڵی لە عێراق، مایەی نیگەرانین و پێویستە ڕێز لە قەوارەی دەستووری هەرێم و سیستەمی فیدراڵی و بنەما دیموکراتییەکان لە عێراق بگیرێت.
هەردوولا جەختیان لەوە کردەوە کە پێویستە هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە، بەشەبودجەی خۆی پێ بگات.