Skip to the content

لە کۆبوونەوەیەکدا بە سەرپەرشتی سەرۆکی حکومەت کۆمەڵێک بڕیار بۆ خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتییانی هەڵەبجە دەدرێن

ئەمڕۆ پێنجشەممە 2/22 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ پارێزگەی هەڵەبجە، لە باڵاخانەی پارێزگە سەرپەشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەتی کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا کە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری ناوخۆ و پارێزگاری هەڵەبجە و جێگرەکانی و قایمقام و بەڕێوەبەری ناحییەکانی سنووری پارێزگاکە ئامادەی بوون ، گفتوگۆ لەباری دۆخی خزمەتگوزاری پارێزگاکە و باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان کرا.
لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا ئازاد تۆفیق پارێزگاری هەڵەبجە ، ڕاپۆرتێکی لەبارەی دۆخی پارێزگە و پێداویستییەکانی پێشکەش کرد.
سەرۆکی حکومەت جەختی لەوە کردەوە کە هەڵەبجە شایانی خزمەتکردنی زیاترە و بەرپرسانی پارێزگەکەی ڕاسپارد کە بە باشترین شێوە خزمەتی هاووڵاتییانی هەڵەبجە بکەن.
لە کۆبوونەوەکەدا کۆمەڵێک بڕیار دران لەوانە :
-پەلە بکرێت لەجێبەجێ کردنی رێکارە یاساییەکانی بەقەزا بوونی خورماڵ.
-دامەزراندنی 500 کەس بەگرێبەست لە دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێم.
-دەست بکرێت بە قیرتاوکردنی شەقامەکانی ناوشاری پارێزگای هەڵەبجە.
-لیژنەیەک پێکبهێنرێت بۆ بەدواداچوون و پاشان دەستنیشانکردنی ڕێژەیەک لە داهاتی دەروازە سنوورییەکانی ئەو دەڤەرە بۆ خزمەتکردنی هەڵەبجە و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری زیاتر بۆ دانیشتووانی پارێزگەکە.
-تایبەتمەندی بدرێت بە پارێزگەی هەڵەبجە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی ماستەرپلانێ شارەکان کە لەلایەن وەزارەتی شارەوانییەوە پلانی بۆ دانراوە.
-وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەو زانستی بڕیاری کردنەوە کۆلیجی پزیشکی لە زانکۆی هەڵەبجە دەربکات و دواتر کار لەسەر رێکار وپێداویستییەکانی بکرێت.