Skip to the content

سەرۆکی حکومەت بۆ بەشداریکردن لە کۆڕبەندی ئابووریى جیهانی بەرەو داڤۆس بەڕێ کەوت

ئەمڕۆ دووشەممە 1/15، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتيی شاندێک بۆ بەشداریکردن لە کۆڕبەندی ئابووریى جیهانی لە داڤۆس، بەرەو سویسرا بەڕێ کەوت.
سەرۆکی حکومەت لە پەراوێزی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی ئابووریى جیهانیی داڤۆس، لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرۆک و سەرۆکوەزیران و بەرپرسانی باڵای وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا و جیهان کۆدەبێتەوە و لە دیدارەکانیدا، چەندین تەوەر و پرسی ناوخۆیی و هەرێمی و جیهانی تاوتوێ دەکات، لەوانەش پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە بەتایبەتی لە بوارەکانی ئابووری و وەبەرهێناندا.هەروەها بڕیارە لە پانێلێکیش بەشدار بێت کە تایبەتە بە ململانێ و ناکۆکییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
بەشداری سەرۆکی حکومەت لە کۆڕبەندی داڤۆس، لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانیدایە بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی جیهان و تاوتوێکردنی ئەو پرسانەی کە پەیوەندییان بە ئایندەی عێراق و ناوچەکە بە گشتی هەیە.
شاندی هەرێمی كوردستان لە ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکومی و وەبەرهێنەر و خاوەنکارانی کوردستان پێکهاتووە کە یەکەمجارە بەشداری لە داڤۆس دەکەن. هەروەها بە دەستپێشخەری و ڕاسپاردەی سەرۆکوەزیران، ماڵی کوردستان لە داڤۆس دەکرێتەوە.
کۆڕبەندەکە ئەمساڵ لە ژێر ناونیشانی (بنیاتنانەوەی متمانە) دەبەسترێت و چەندین تەوەری تایبەت بە وزە و سیستەمی بانکی و ژیریى دەستکرد و چەند پرسێکی سیاسيی هەنووکەیی، گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت.