Skip to the content

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان له‌گەڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا‌ کۆبووەوە

ئەمڕۆ سێشەممە 1/16، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە داڤۆس، لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کۆبووەوە.
لە دەستپێکی کۆبوونەوەدا، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوە دا بە توندترین شێوە سەرکۆنەی هێرشەکەی هەولێر دەکەین کە پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەروەری عێراقە. هاوخەمیى وڵاتەکەشی لەگەڵ بنەماڵە و کەسوکاری قوربانییانی هێرشەکە دەربڕی.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دووپاتیشی کردەوە کە ئەمەریکا و سەرۆک جۆ بایدن، ئەم هێرشانە بۆ سەر هەرێمی کوردستان بە هەڕەشەی جیددی وەردەگرن و هەوڵی پێویست بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێم دەدەن.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا هەروەها سڵاو و ڕێز و پێزانینی بۆ سەرۆک مەسعود بارزانی هەبوو.
سەرۆکی حکومەت جەختی لەوە کردەوە کە ئەم هێرشانە بێ پاساو و ناڕەوان و نابێت چیتر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە بەرانبەر ئەم پەلامارانە بێ دەنگ بێت.
گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدرال و دابینکردنی مافە دەستوورییەکانی هەرێم، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.