Skip to the content

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی بەریتانیا کۆبووەوە

ئەمڕۆ پێنجشەممە 1/18 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە داڤۆس، لەگەڵ دەیڤد کامیرۆن، وەزیری دەرەوەی شانشینی یەکگرتوو کۆبووەوە.
تەوەری سەرەکیى کۆبوونەوە، گفتوگۆکردن بوو لەبارەی هێرشی ئێران بۆ سەر هەولێر. وەزیری دەرەوەی بەریتانیا پرسە و هاوخەمیى خۆی بە سەرۆکی حکومەت گەیاند و هێرشەکەی بە توندی سەرکۆنە کرد و گوتی "هیچ پاساوێکی نییە و دەستدرێژییە بۆ سەروەریى عێراق و قبوڵکراو نییە." سەرۆکی حکومەت سوپاسی هاوخەمی و پشتیوانیی بەریتانیای کرد.
هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر بەردەوامبوونی هاریکاری و هەماهەنگی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش و تیرۆر بەگشتی.
پەرەپێدانی پەیوەندیی دۆستانەی نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیا و گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ و دابینکردنی مافە دەستووری و شایستە داراییەکانی هەرێم، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوە بوو.