Skip to the content

سەرۆکی حکومەت له‌گەڵ ڕاوێژکاری ئاسایشیی نیشتمانیی ئەمەریکا کۆبووەوە

ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەمە 2/29 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆشکی سپی، لەگەڵ جەیک سولیڤان، ڕاوێژکاری ئاسایشیی نیشتمانیی ئەمەریکا کۆبووەوە.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا ، ڕاوێژکاری ئاسایشیی نیشتمانیی ئەمەریکا، ئاماژەی بەوە دا کە سەرۆک جۆ بایدن سڵاو و ڕێزی بۆ سەرۆک بارزانی و سەرۆکی حکومەت هەیە و پشتیوانیی کۆشکی سپیشی بۆ کوردستانێکی بەهێز و مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان دووپات کردەوە.

ڕاوێژکاری ئاسایشیی نیشتمانیی ئەمەریکا، ستایشیی ئازایەتیی و خەبات و قوربانیدانەکانی پێشمەرگەی کرد بەتایبەتی لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش ، جەختیشی لە گرنگیی پاراستنی ئاسایشیی هەرێمی کوردستان و دابینکردنی بەشە بودجە و شایستە داراییەکانی هەرێم کردەوە.
سەرۆکی حکومەت سوپاسیی پشتگیریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکای کرد و دووپاتی کردەوە کە پێویستە ڕێز لە قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان بگیرێت و مافی پێکهاتەکانی کوردستان پارێزراو بێت و پێشێل نەکرێت.
سەرۆکی حکومەت هەروەها ئاماژەی بە گرنگیی جێبەجێکردنی دەستوور و پێکهێنانی ئەنجومەنی فیدراڵیی لە عێراق کرد.