Skip to the content

پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی ڕێککەوتننامەی یازدەی ئادار

ئەمڕۆ دووشەممە 3/11 ، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، پەیامێکی لە ساڵیادی ڕێککەوتننامەی یازدەی ئازار بڵاوکردەوە، ئەمەی خوارەوە دەقی پەیامەکەیە؛

ئەمڕۆ پەنجا و چوار ساڵ بەسەر ڕاگەیاندنی ڕێککەوتننامەی یازدەی ئاداری 1970 تێدەپەڕێت کە دەستکەوتێکی مێژوویيی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بوو بەڕابەرایەتيی بارزانیی نەمر.
شۆڕش و خۆڕاگری وقوربانیدانەکانی گەلی كوردستان، حکومەتی ئەوکاتی عێراقی ناچار کرد دان بە بەشێک لە مافە ڕەواکانی گەلی کوردستاندا بنێت. بە تایبەتی ڕێککەوتن لەسەر هەموارکردنەوەی دەستووری کاتی و داننان بەوەی عێراق لە دوو نەتەوەی سەرەکی (عەرەب و کورد) پێکهاتووە و دەستووریش دان بە مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورد دەنێت.

بەڵام دواجار ڕژێمی ئەو سەردەمەی عێراق، لە ڕێککەوتننامەکە پاشگەز بووەوە و پەنای بردەوە بۆ شەڕ و دژایەتیکردنی خەڵکی کوردستان و سەرەنجام عێراقی دووچاری ماڵوێرانی و کارەساتی گەورە کرد کە تا ئێستاش خەڵکی عێراق باجەکەی دەدەن.

لەم یادەدا، جەخت لە پێویستی و گرنگیی پاراستن و ڕێزگرتن لە مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان و قەوارەی دەستووريی هەرێمی کوردستان دەکەینەوە. خەڵکی کوردستان هەرگیز ڕێگە نادات مافەکانی پێشێل بکرێت و ستەم و زۆرداری لێ بکرێت و عێراق بگەڕێندرێتەوە بۆ سەردەمی دیکتاتۆری و تاکڕەوی.


مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان 
2024/3/11