ئهمینداری گشتی ئهنجومهنی باڵای خانمان و شاندێکی بەریتانیا کۆبوونەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- د. خانزاد ئهحمهد، ئهمینداری گشتی ئهنجومهنی باڵای خانمان و گهشهپێدان، پێشوازی له شاندێکی بەریتانی کرد که پێکهاتبوو له کریسستۆڤەر سێگار، باڵیۆزی پێشووی بەریتانیا لە عێراق کە هاوکات دامەزرێنەری (رێکخراوی موزاییک میدڵ ئیست)ـە و رۆب شۆلتیڤ سەرۆکی ئەنجومەنی رێکخراوەکە.
لە دیدارێکدا دەرەنجامەکانی کۆنفرانسی "ئافرەتانی پێكهاتهكان: دەرەفەت و هەڕەشەکان" کە لە بەرواری 5 و 6ی كانوونی یهكهمی ساڵی رابردوو لە هەولێر، بە هاوبەشی هەردوو دامەزراوەکە و بە پاڵپشتی UN-Women کرا، خرایە بەر باس.
هەردوولا جەختیان لەوە کردەوە، کاری پێکەوەیی ئەنجامبدەن بۆ وەرگێڕانی ئەو دەرئەنجامانە بۆ سەر ئەرزی واقیع، بۆ ئەوەی خزمەتی زیاتر بە خانمانی پێكهاته ئایینی و ئیتنیکییەکان بکرێت.
پرسی بەهێزکردن و رەخساندنی دەرفەتی کار و بوونی ئابووری سەربەخۆ بۆ ئافرەتان پرسێکی دیکە بوو، کە لە کۆبوونەوەکەدا جەختی لەسەر کرایەوە.
د.خانزاد ئهحمهد، لەوبارەیەوە ههڵوێستی حکومەتی هەرێمی كوردستانی بۆ شاندەکە روونکردەوە و رایگەیاند: لە سەرەتای دهستبهكاربوونی کابینەی نۆیەمەوە حکومەت هەوڵیداوە زەمینەیەکی لەبار بۆ بەشداریکردنی خانمان لە کایەی ئابووریدا بڕەخسێنێت، هاوکات لەگەڵ ئەوەشدا هانی کەرتی تایبەت و رێکخراوەکانی داوە تا لەرێگەی پرۆژەی بچووک و مامناوەندەوە دەرفەتی کاری گونجاو بۆ ژنان و کچانی ئاوارەی ناوخۆیی و کۆمەڵگه ی خانەخوێ فەراهەم بکەن.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا شاندی میوان پشتگیريی خۆیان بۆ هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بواری یارمەتیدانی ئاوارەکان و چینه لاوازەکانی کۆمەڵگهی کوردستان دەربڕی و بە سیاسەتێکی مرۆڤانە و ژیرانە ناوزهدیان کرد.